خوێندنی باڵا: وەڵامی داوای قوتابیانی ماستەر و دكتۆرا دەدەینەوە

:: PM:03:51:08/01/2017 ‌


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنن، داوكاری كاندیدانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا رێكاری پێویستە و لەداهاتوودا وەڵامیان دەدەینەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم ژمارەیەك لە كاندیدانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێم لەشاری هەولێر گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

ئەو قوتابییانە یاداشتێكیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرزكردەوە كە تێیدا هاتبوو، پێویستە قوتابیانی ماستەر و دكتۆرا راستەوخۆ دەست بە خوێندنی كۆرسی زمانی ئینگلیزی بكەن .

هاوكات داواكاربوون، سەنتەری كۆرسی زمانی ئینگلیزی لە ناوەندی زانكۆكاندا بكرێتەوە و پسپۆری ناوخۆی و بیانی وانەی تێدا بڵێنەوە .

لەبارەی داواكاری ئەو قوتابیانە هێمن ئەمین بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاداشتی ئەو قوتابیانە وەرگیراوە و داوكارییەكانیان لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت باس دەكرێت .

ئەوەشی ئاشكرا كرد، داواكارییەكان پێویستی بەڕێكاری یاسای و كاركردن هەیە، بۆیە لە داهاتوودا وەڵامی داواكاری ئەو قوتابیانە دەدەینەوە .

كۆرسی زمانی ئینگلیزی ساڵانە بۆ ئەوقوتابیانە دەكرێتەوە كە دەبن بە كاندیدی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لەهەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەو كۆرسانە نەكراوەتەوە و ئەوەش نیگەرانی ئەو قوتابیانە زیاتر كردووە .





وشە - كامه‌ران كه‌ریم