نزیكەی هەزار سكاڵای مافی گشتی لە ماوەی ساڵێكدا تۆمار كراوە

:: PM:06:54:08/01/2017 ‌
سەرۆكی دەستەی مافی گشتی لە داواكاریی گشتیی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە لە ماوەی یەك ساڵدا 971 سكاڵای مافی گشتی گەیشتووتە بەردەستیان كە بەشێكی زۆر لەوانە كێشەی زەوی و زیادەڕۆیی و كێشەی فەرمانبەری بندیوار بووە.

بەپێی ئامارێكی دەستەی مافی گشتی لە داواكاریی گشتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ساڵی رابردوو 600 و 64 بڕیاری زیندانی تاهەتایی و لەسێدارەدان لەلایەن دادگەكانی هەرێمەوە دەرچووە.

بەپێی ئامارەكە، 500 و 76 داوا لەلایەن دەستەی وردبینی تاوانەكانی نەوجەوانانەوە رەوانەی دادگەی تەمیز كراوە. 

ئامارەكە تێیدا هاتووە، لە شاری دهۆك لێكۆڵینەوە لە سێ‌ هەزار و 150 دۆسییە كراوە و لە شاری سلێمانیش هەشت هەزار 300 دۆسییە و لە شاری هەولێر پێنج هەزار و 314 دۆسییەی جۆراوجۆر لێكۆلینەوەی تێدا كراوە.

هاوكات ئەمڕۆ یەكشەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆتان بەكر سەرۆكی دەستەی مافی گشتی لە داواكاری گشتی هەرێم ڕای گەیاند، 971 داوای مافی گشتی لەلایەن هاووڵاتییانەوە تۆمار كراوە كە زۆربەی كێشەی زەوی و زیادەڕۆیی و كێشەی فەرمانبەری بندیوار دەگرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، تەنیا لە شاری سلێمانی دوو هەزار و 700 تاوانی زیادەڕۆیی كاری لەسەر كراوە  و كەیسەكانیان گەیشتووەتە دادگە.

مافی گشتی لە داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان تایبەتە بە وەرگرتنی سكاڵای هاووڵاتییان و كردنەوەی دۆسییەی تایبەت لەدادگەكان بۆ سكاڵاكان.



وشە - كامه‌ران كه‌ریم