تەنیا لە هەڵەبجە 63 تۆمەتبار دەستگیركراون
لە دادگەی سلێمانی ژمارەیەك كەیسی ماددەی هۆشبە راگیراون

:: PM:07:51:08/01/2017 ‌

تەنیا لە سنووری شاری هەڵەبجە لە ماوەی یەك ساڵدا زیاتر لە 60 تۆمەتبار بەهۆی بەكارهێنان و مامەڵەكردن بە ماددە هۆشبەرەكان گیران، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پێوەندییەكانی ئاسایشی شارەزووریش رای دەگەیەنێت كە تا ئێستە لە دادگە بڕیار لەبارەی چەند تۆمەتبارێك نەدراوە.

رائید ئاراس محەمەد بەرێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەكانی ئاسایشی شارەزوور بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوو 63 تۆمەتبار بەهۆی بەكارهێنان و مامەڵەكردن بە ماددەی هۆشبەر لە سنوورەكە گیراون و 19 لەوانەش دۆسییەكەیان تا ئێستە دانەخراوە و راگیراوە.

ئاشكرای كرد، لە داداگەكانی سلێمانی تا ئێستە بڕیار لەبارەی چەندین تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر نەدراوە و 28 تۆمەتباریش لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

ئەو رائیدەی ئاسایش دەڵێت، لە ماوەی ساڵێكدا بڕی 378 كیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەكانی تریاك و حەشیش كە بڕی 374 كیلۆ گرامیان لە جۆری حەبی هۆشبەر بووە سەباری ئەوەی 637 جۆری پاكەتی حەبی قەدەغەكراوی تر دەستی بەسەردا گیراوە .

جیاواز لە هەڵەبجە لە ماوەی رابردوو لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستانیش پێشتر دەست بەسەر ماددەی هۆشبەردا گیراوە، بەڵام بوونی ئەو ماددەی و مامەڵە پێوەكردنی زیاتر لەو ناوچانە هەیە كە دەكەونە سنوورەكان.

لە ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش بەشێكی تایبەت هەیە بە ماددە هۆشبەرەكان، بەڵام سەرجەمی ئەو كەیسانەی لەوبارەیەوە دەكرێنەوە ڕەوانەی دادگەكانی تاوان دەكرێن.



وشە - كامه‌ران كه‌ریم