نەبوونی خۆر ئەم گرفتانە دروست دەكات

:: PM:03:51:29/05/2019 ‌
هەموومان دەزانین كە زۆر خۆدانەبەر تیشكی خۆر زیان بەخشە هۆكارێكە بۆ شێرپەنجەی پێست . هەروەها هەموو ژنێك ئەوە دەزانێت كە خۆر تاكە هۆكارە بۆ پیربوونی پێست و دەركەوتنی خەتی تەمەن و چرچی و خاڵ.

لەگەڵ ئەم زیانانەدا هێشتا بوونی خۆر پێویستە بۆ لەش ئەگەر خۆر بەر لەش نەكەوێت چەندان گرفتی تەندروستی لە لەشدا روو دەدات. 

ڤیتامین دی یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وا دەكات خۆر بەسوود بێت، چونكە رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە باشتركردنی تەندروستی، زۆر سەرچاوەی خۆراكی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە، بەڵام باشتر وایە لە خۆرەوە راستەوخۆ وەربگیرێت.

لێرەدا باس لەوە دەكەیت ئەگەر خۆر بەشێوەیەكی گونجاو بەر لەش نەكەوێت چی روو دەدات؟.

یەكەم:  هۆكارێكە بۆ شێرپەنجە، وەك پێشتر باسمان كرد زۆر خۆدانەبەر تیشكی خۆر هۆكارێكە بۆ دروستبوونی مەترسییەكانی شێرپەنجە. بەڵام  لەهەمان كاتدا ئەگەر خۆر بەر پێست نەكەوێت بە رێژەیەكی دیاریكراو ئەوە هۆكارێكە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە. چونكە بوونی ڤیتامین دی رێ لە چەندان جۆری شێرپەنجەی جۆراوجۆر دەگرێت.

دووەم: پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە، لەش بەشێوەیەكی سروشتی گازی ئۆكسیدی ئازۆتی بەرهەم دەهێنێت كە پەستانی خوێن رێكدەخات، بە واتایەكی تر پێویستە بۆ رێكخستنی پەستانی خوێن. خۆر هەروەها وا لە لەش دەكات ئەم گازە بەرهەم بهێنێت، بۆیە خۆدانە بەر تیشكی خۆر رێ لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەگرێت كە هۆكارێكە بۆ نەخۆشی دڵ.

سێیەم: زیادبوونی كێش، ئۆكسیدی ئازۆتی كەلە تیشكی خۆرەوە وەردەگیرێت و پێویستی بۆ هێشتنەوەی پەستانی خوێن، هەروەها نەبوونی هۆكارێكە بۆ زیادبوونی كێش، چونكە گاز پێویستە بۆ هێشتنەوەی میتابۆلیزم بە شێوەیەكی گونجاو، بۆیە نەبوونی خۆر هۆكارێكە بۆ زیادبوونی كێش.

چوارەم: خەمۆكی، وەك دەزانین لە وەرزی زستاندا زیاتر تووشی خەمۆكی دەبینەوە، بەپێی شارەزایانی دەروونی ئەگەر بەشێوەیەكی گونجاو ڤیتامین دی لە تیشكی خۆرەوە وەربگیرێت، ئەوە هۆكارێكە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی دڵخۆشی لە لایەن مێشكەوە.

پێنجەم: هەوكردنی بەردەوام، هەموومان دەزانین كە ڤیتامین سی گرنگە بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش. زۆر كات بوونی ڤیتامین دی گرنگە بۆ هێشتنەوەی ڤیتامین سی لە سیستمی بەرگری لەشدا. ئەگەر ئەم ڤیتامینە كەم بێت، ئەوە لەش خێراتر تووشی هەوكردن و نەخۆشی دەبێتەوە.



وشە - ئاوات ئازاد