لەبارەی مووچەوە كۆبوونەوەیەك لە هەولێر ئەنجام دەدرێت

:: PM:08:56:08/01/2017 ‌

بڕیارە ڕۆژی سێشەم لە دیوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەنجام درێت و پارێزگای هەڵەبجەش بەنوێنەرێك بەشداری لەكۆبوونەوەكەدا دەكات.

كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی پڕۆژەی بڕیاری وەرگرتنی چەكی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە كۆبوونەوەی ژمارە 43ی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری لەبارەیەوە درا.

دلێر حوسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و نوێنەری هەڵەبجە كۆ دەبنەوە و تاوتوێی پڕۆژەكە دەكەن.

زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكە سعات 11ی سەر لە بەیانی رۆژی سێشەم بەرێوە دەچێت و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان وتاری تایبەتیان لەوبارەیەوە دەبێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، دەیانەوێت پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەوڵەمەندتر بكەن تا هاووڵاتییانی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم سوودمەند بن.

بەپێی گوتەی دلێر حوسێن دوا بەدوای كۆبوونەوەكە ئەنجامی كۆبوونەوەكە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەكەنەوە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش بەرزی دەكەنەوە.

پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە پێشتر پەسەندی كرد و تایبەتە بە چەكی بانكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو بڕە مووچانەی لەلایەن حكوومەتی هەرێم بۆیان پاشەكەوت دەكرێت، بتوانن قەرزی خزمەتگوزارییەكانی وەك پارەی ئاو و كارەبا و سزای هاتوچۆی پێ بدەنەوە.




وشە - كامه‌ران كه‌ریم