نیگار عوسمان: لەم سەردەمەدا چاو بڕیار دەدات نەك هزر و مەعریفە

:: PM:09:37:02/06/2019 ‌

نیگار عوسمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و دەرچووی زانكۆی تارانە، تا ئێستە بەشداری پێنج دراما و 15 فیلمی درێژ و 16 كورتە فیلم و حەوت شانۆگەری كردووە، خاوەنی چەندان خەڵاتیشە. ئەو لەم دیمانەیەی "وشە"دا  وێڕای دەربڕینی هەندێك رەخنە و گازندە، ئاواتی ئەوە دەخوازێ سینەما و دراما لە كوردستان گرینگی پێ بدرێت و لە جیاتی نەوت ببێتە داهاتێك بۆ وڵات.

 چۆن بوو تێكەڵ بە دنیای هونەر بوویت؟
 پێشتر تایكواندۆكار بووم، لە رێی سینەماكار رەحیمی زەبیحی /رۆحی شاد/ هاتمە ناو بواری هونەر و لەژێر دەستی تەها كەریمی /رۆحی شاد/ پەروەردە بووم.

 لەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستان تێی كەوتووە كار و چالاكی هونەری بە كەمی بەڕێوە دەچێت، ئایا هەمان حەز و ئارەزووی جارانتان ماوە لە هونەر؟
 هیچ بارودۆخێك نابێتە رێگر بۆ من، بەهێزتریش دەبم.

 سەرەتا كە دەستت بە كاری هونەری كرد هیچ توانج و قسەی خەڵكت بۆ دەهات؟
 توانجی زۆرم لێ دراوە، بەڵام كاریگەری لەسەر كەسایەتیم دانەناوە، زۆر كەس پێشتر بڕوایان بە توانای من نەبووە، بەڵام هەر ئەو كەسانەن ئێستە دەستخۆشیم لێ دەكەن .

 كاتێك دەچیت بۆ شوێنێك و خەڵك دەتناسنەوە، قسەی نەشیاوت پێ ناڵێن؟
هیچ كەسێك رووبەڕوو توانج نادات، هەمیشە لە پشتەوە قسەی ناڕەوات پێ دەڵێن، موجامەلەش دەكەن، بەڵام گوێ ناگرم، چونكە قسەیەك بەرەوپێشەوەم ببات بۆم گرینگە.

حەز دەكەیت چ رۆڵێك بەرجەستە بكەیت؟
رۆڵێك كاریگەر بێت و دوور بێت لە كەسایەتی خۆم.

 ئەگەر هونەرمەند نەبوویتایە حەزت دەكرد ببیت بە چی؟
 لەوانەیە وەرزشكار بوومایە.

 جوانیی ژن تا چەند رێخۆشكەرە بۆ سەركەوتنەكانی؟
ئەوە راستییە و ناتوانین خۆمان هەڵخەڵەتێنین، لەم سەردەمەدا چاو بڕیار دەدات نەك هزر و مەعریفە، تا ئاستێكی زۆر مرۆڤ حەزی لە جوانییە و لە باری سایكۆلۆجییەوە ئاسوودەیی پێ دەبەخشێت، بەڵام مەرج نییە ئەوەی جوان بێت نواندنكارێكی باش بێت.

خۆزگە و ئاواتەكانت چین؟
 سینەما و دراما لەم وڵاتە گرینگی پێ بدرێت و ببێت بە داهات بۆ وڵاتەكەم، تەنیا نەوت داهات نەبێت، سینەما ببێت بە كولتوور بۆ زیاتر ئاشناكردن و ناساندن، لە قوتابخانەكانەوە دەست پێ بكرێت، سینەما ناسنامەی هەر وڵاتێكە كە لێرە بایەخی پێ نادرێت، ئەو چەكە بەهێزەیە كە سیاسەتوان و كاربەدەستان خۆیانی لێ دەشارنەوە.

 چ شتێك بووەتە بەربەست لە بەردەم كارە هونەرییەكانت؟
پاكیم لەو رێیەدا، ئەوەشی كە واستە ناكەم و موجامەلەی كەس ناكەم تا رۆڵێكم پێ بدرێت، پیشەكەم خۆش دەوێت و قوربانیم داوە و شەونخوونیم كێشاوە تا فێری ئەزموونێكی تر ببم. لەگەڵیدا ئێستە ئەزموون گرینگی نەماوە و تەنیا واستە و پێداهەڵدان و برادەرایەتی دەیخوات.

 لە درامای "سەمای تەرزە"دا ئەو رۆڵەی پێیان دایت تا چەند بە دڵی خۆت بووە؟
تا ئەو جێیەی توانیومە لەبەر كامێرا ببم بە تەرزە، لە نواندنی ئەو رۆڵە پەشیمان نیم.

دوای درامای "سەمای تەرزە" كاری تازەت چییە؟
دوو پڕۆژەی گەورەم لە بەردەستدایە، بەڵام دەبێتە سوپرایز بۆ بینەرانی ئازیز، لەوێدا بەشێوازێكی زۆر جیاواز دەركەوتنم دەبێت.

 ئامادەیت بەشداری لە رۆڵێك بكەیت كە خۆت حەزی پێ نەكەیت و لەبەر قسەی دەرهێنەر بەشداری بكەیت؟
مەرج نییە هەر رۆڵێك كە بەرجەستەی بكەی بە حەز و خواستی خۆت بێت، گرنگ ئەوەیە تا چەند لە بەرجەستەكردنی ئەو كارەكتەرە سەركەوتوو دەبی.

 خەڵك ئێوە بە دەوڵەمەند دەزانن و دەڵێن هونەرمەند ماندووبوونێكی كەم و پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت، ئەمە راستە؟
لەگەڵ ئەو قسەیەدا نیم، زۆربەی ئەو هونەرمەندانە ژیانیان بە سەختی بەڕێ كردووە كە رێی راستەقینەیان گرتووەتە بەر، جگە لەمە داهاتی بەرهەمێكی هونەری لەم وڵاتە لە چ ئاستێكدایە تا دەوڵەمەند بی.

 رقت لە چ شتێكی پیاو دەبێتەوە؟
رقم لە كەس نابێتەوە، بەڵام جارجارە دەبنە مایەی بێزاركردنم. پیاو و ژن تەنیا لەیەك شتدا یەكسانن ئەویش ئەوەیە مرۆڤن.

 لە چ شتێكی ژیانت پەشیمانی؟
لە ناڕێكییەكانی ژیان كە ناچارت دەكات بوەستیت، هەروەها لە دەستدانی هەندێك دەرفەت كە بەهۆی بارودۆخەوە دوای خستم.

باوەڕت بە چی نییە؟
زۆر شت هەن باوەڕم پێیان نییە، بەڵام ئەوەی دەڵێن پارە بە ختەوەری ناهێنێت، هەڵبەت لە دیوێكی تر باوەڕم بەوە نییە كە باسی یەكسانی مافەكان دەكرێت.

 بۆ هیچ كەسێك گریاویت؟
 بەڵێ گریاوم بۆ لەدەستدانی كەسە ئازیزەكانم كە بۆ تا هەتایە رۆیشتن، گریاوم بۆ گریانی ئەو دایك و باوكانەی بۆ دابینكردنی پێداویستی ژیانی منداڵەكانیان ناچار بوون زۆر ئیش بكەن كە رەوا نەبووە.

وشە/ ئەحمەد تاریق



وشە - وشه‌