لە سەردەشت بەرهەمهێنانی فڕاولە دەستی پێ كرد

:: PM:02:58:12/06/2019 ‌

هەموو ساڵێك لەم كاتانە  بەرهەمی فڕاولە لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێ دەگات و هەرچەندە تەمەنی ئەو جۆرە میوەیە كورتە، بەڵام داهاتێكی باشی هەیە و هەلی كاریش دابین دەكات.

سەڵاحەدین حەق بەرێوەبەری كشتوكاڵی سەردەشت ئاشكرای كرد، ئەمساڵ زیاتر لە 100 دۆنم لە زەوی كشتوكاڵی كراوەتە فڕاولە و چنینەوەی ئەم میوەیەش دەستی پێ كردووە.

ئەو سەردەشتی بە جەمسەرێكی گرنگی بەرهەمهێنانی فڕاولە لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەژمار كردووە و گوتی ساڵانە سەرووی 250 تۆن لەم بەرهەمە دەخرێتە بازاڕەكانەوە.

بەگوێرەی "ئیرنا" ئەو باسی لەوەش كردووە كە هەلی كار بۆ دوو هەزار و 300 كەس دابین كراوە و بەشی زۆری بەرهەمەكەش بۆ شارەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان هەناردە دەكرێت.

پێویستە بگوترێت هەر دۆنمێك زەوی نزیكەی دوو تۆن فڕاولەی لێ بەرهەم دەهێنرێت و لەو كاتەوە بەرهەمەكە پێ دەگات تا كۆتایی وەرزی چنینەوەی میوەكە دوو هەفتە دەخایەنێت.

خواردنی فڕاولە بۆ تەندروستی مرۆڤ گرینگە و دەگوترێت رێگری لە پیربوونی مێشك دەكات



وشە - سلێمان تاشان