ئێران بڕیارێكی تری لەبارەی ڤیزا دەرکرد

:: PM:03:24:13/06/2019 ‌

كونسوڵخانەی ئێران سەرجەم نووسینگەكانی كاروباری گەشتیارانی لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری ئاگادار كردووەتەوە كە لەمەودوا بڕی ئەو پێنج هەزار دینارەی پێشتر لەكاتی پێدانی ڤیزا بە گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێم وەری دەگرت، لابراوە.

عاسم محەمەد خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی كاروباری گەشتیاری لە شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن كونسوڵخانەی ئێران لەشاری سلێمانی ئاگادار كراوینەتەوە، ئێران بڕیاری داوە پارەی بیمە لە هیچ گەشتیار و هاوڵاتییەكی هەرێم كە بەمەبەستی گەشت و سەردان بۆ وڵاتی ئێران دەچن وەرنەگرن.

زیاتر گوتی، پێشتر لە سلێمانی پێدانی ڤیزا بە حەوت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستە بووەتە نزیكەی سێ‌ هەزار دینار لە پێنجوێنیش 10 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستە بووەتە پێنج هەزار دینار.

روونی كردەوە ئەو بڕیارە كاریگەری دەبێت لەسەر چوونی گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران.

ئێستە هەر كەسێك لە پێنجوێنەوە بیەوێت بچێتە ئێران تەنیا بڕی پێنج هەزار دیناری لێ وەردەگرین و لەماوەی 24 سەعاتیشدا ڤیزای ئەلیكترۆنی بۆ دەهێنینەوە و دەتوانن گەشت بكەن.

جێی بیرهێنانەوەیە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵدا كونسوڵخانەی ئێران لەشاری هەولێر بڕیاری دا كە پارەی پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی بە هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێم لابەرێت كە پێشتر بڕەكەی 60 هەزار دینار بوو، دواتریش خاوەن نووسینگەكانی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی و شارۆكەی پێنجوێن بڕی حەوت تا 10 هەزاری وەردەگرت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم