ژمارەیەک مەندووب قۆڵی فەرمانبەران لە بندا دەبڕن

:: PM:09:41:17/06/2019 ‌
"مەندووب" یان نوێنەری كۆمپانیا، ئەو پیشەیەی ئێستە بووەتە جێی گومان لای فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەوەی چەندان فێڵیان لە فەرمانبەران كردووە و كاڵایەك نرخەكەی 15 هەزار دینار بێت، بە 80 هەزار دینار پێیان فرۆشتوونەتەوە. بەرپرسێكی چاودێری بازرگانی دەڵی كە هاتن بۆ هەر دامەزراوەیەكی حكوومی، پێویستە دەریان بكەن.

شادان قاسم فەرمانبەرێكی شاری هەولێرە لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان، وەک خۆی دەڵێ فێڵی لێ كراوە و فرۆشیار و نوێنەری كۆمپانیایەك ئوتوویەكی قژ خاوكردنەوەی پێ فرۆشتووە کە نرخەكەی لە بازاڕ 12 هەزار دینارە، بەڵام بە 42 هەزار دینار پێی داوە.

ئەو فەرمانبەرە بۆ "وشە" گوتی، پێشەكی 20 هەزار دیناریان لێ وەرگرتم و پێیان ڕاگەیاندم لەگەڵ هاتنی مووچە پێوەندیمان پێوە بكە بۆ وەرگرتنی قستەكان سەردانت دەكەینەوە، كەچی دوای چوونە دەرەوە لەناو فەرمانگەكەمان ژمارەكەیان داخراوە".

زیاتر ڕوونی كردەوە، ئەو فێڵە بەسەر خۆم و دوو هاوڕێی ترم هات، ئوتوویەكی قژ و سێتێک مەنجەڵ و ئامێرێكی گۆشتوردكردن بە 325 هەزار دینار پێمان فرۆشرا، دواتر زانیمان هەموو ئەوانە لە بازاڕ بایی 110 هەزار دینارن.

بەڵام سەڵاح محەمەد خاوەن كۆمپانیایەكی فرۆشتنی كەلوپەل لە هەولێر، ئاشكرای دەكات کە چەند جارێك مەندووبەكانی خۆیان ئاگەدار كردووەتەوە كە نرخی پێویست دیاری بكەن و تووشی لێپرسینەوەی یاساییمان نەكەن، كەچی ئەو ڕەفتارە پێچەوانە بەردەوام پەرە دەسێنێت.

سەڵاح بۆ "وشە" ددانی بەوەدا نا، "تا ئێستە 86 كەسم لە كارەكەی دەركردووە، هۆكارەكەش فێڵكردن بووە لە كڕیارەكان، بۆیە داواكارین لە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانیش هەرشتێك دەكڕن، بەبێ‌ ژمارەی خاوەنی كۆمپانیا لێیان وەرنەگرن و پێوەندیمان پێوە بكەن".

"ئێمە كاڵایەك بە مەندووب دەدەین بە 20 هەزار دینار، بۆیان هەیە بە 30 هەزار دینار بیفرۆشنەوە، كەچی بە 100 هەزار دینار دەیفرۆشنەوە و 40 هەزار دینار پێشەكی وەردەگرن و بۆ باقیەكەیشی ناچنەوە، ئەوەیش كێشەی زۆری بۆ دروست كردووین. تا ئێستە هەشت جار سزا دراوین لەلایەن لیژنەی چاودێری و بازرگانی" خاوەن كۆمپانیاکە وای گوت.

سەمەد مستەفا بەڕێوەبەری كارگێڕیی یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی حکوومەت، دووپاتی دەکاتەوەکە ئێستە لەلایەن پرسگەوە ڕێ بەهیچ مەندووبێك نادەن بێنە ناو بەڕێوەبەراییەتییەكەمان بەهۆی ئەو فێڵانەی دەیكەن.
سەمەد بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "لە ساڵی ڕابردوو دوو مەندووب هاتن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، سەرەتا وەك ڕێزگرتن لە كارەكەیان ڕێمان پێدان بێنە ناو باڵەخانەكە، دوای پێفرۆشتنی چەند كەلوپەلێك بە فەرمانبەران كە دوای چەند ڕۆژێك دەنگۆی زۆر لەناو فەرمانبەران هەبوو لەسەر كاڵاكان، بۆیە بەدواداچوونمان كرد".

"لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە تەنیا ئەو ڕۆژە 400 هەزار دینار قازانجی ئەو دوو مەندووبە بوو، كە نەشهاتنەوە بۆ وەرگرتنی قستەكانیان و ئەو ناونیشانەشی بەكاریان هێنابوو بۆ كاڵاكانیان، داخرابوو". سەمەد وای گوت.

هەرچی چاودێری بازرگانییە داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەکاتی چوونی مەندووبەكان بۆ لایان دەریان بكەن.

سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، بۆ "وشە" گوتی، "ئەو مەندووبانە پێویستە ڕێیان پێ نەدرێت بێنە ناو بەڕێوەبەرایەتییەكان، چونكە فەرمانبەران سەرقاڵ دەكەن و هۆكاری دووەمیش ئەوەیە فێڵ لە فەرمانبەران دەكەن، لەبەرئەوەی هیچ مانای نییە ئوتوویەك بە 10 هەزار دینار بێت، بە 50 هەزار دینار بیفرۆشنەوە".

زیاتر ڕوونی كردەوە، "سەردانی چەندان كۆمپانیامان كردووە بەتایبەت ئەوانەی مەندووبیان هەیە و سزامان داون، چونكە ناكرێ ئەو كارە بەو شێوەیە بەردەوام بێت بەناوی مەندووب قۆڵی خەڵكی ببڕن، كاڵاكان بە نرخی 10 هێندەی خۆی بفرۆشنەوە و هۆكارەكەشی بۆ قیست بگەڕێننەوە".
*
فرۆشیار هەبووە لە یەك ڕۆژ و یەك بەڕێوەبەرایەتیدا 400 هەزار دیناری قازانج كردووە



وشە - رامیار جەواد