شوێنی بەقاچاخ هێنانی دەرمان بۆ كوردستان ئاشكرا بوو

:: AM:10:56:20/06/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان ناوی ئەو شوێنانە ئاشكرا دەكات كە دەرمانی ساختە و خراپی تێدا دەفرۆشرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی حوزەیران، بەپێی ڕاپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ئاشكرا  بووە، ڕانیە كەوتووەتە ناوچەیەكی جیۆگرافی ئاڵۆزەوە و لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر و كەركووكدایە، هەروەها لەڕێی مەرزی كێلێوە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، شوێنێكە بۆ نەبوونی چاودێری بەسەریەوە.

ڕوون كراوەتەوە، هەڵكەوتە جیۆگرافییەكەی ڕانیە لەلایەك و لەلایەكی تریش نەبوونی چاودێری لەسەر ئەو شارە وایكردووە بازاڕی دەرمانی زۆر خراپ بێت و لە زۆر سەرچاوەوە دەرمانی قاچاخ و كوالێتی خراپی بۆ بێت، گرنگترین هێڵەكانی قاچاخی دەرمان بۆ ڕانیە ئەمانەن:

یەكەم: مەرزی كێلێ:
بەشێكی زۆر لە دەرمانی قاچاخی ئێرانی و سینی و هیندی و تایلەندی و دەرمانی بڕاندی تەقلیدی ئێرانی و هتد كە دێنە كوردستان بەگشتی و ڕانیە بەتایبەتی، لە ڕێی مەرزی كێلێوە دێنە ژوورەوە، سەرەتا دەگەنە سنووری شارۆكەی پشدەر و دواتر دێنە ڕانیە و دواتریش بەسەر بازاڕی قەڵادزە و ڕانیە و سنوورەكە و كوردستاندا دابەش دەبن.

لەبارەی شوێنی دووەم كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ئاشكرای كردووە، بەشێكی زۆری دەرمانی قاچاخی كەركووك لە ڕانیە ساخ دەبنەوە، دەرمانەكان لە ناوچەی شوانەوە دێنە تەقتەق و لەوێشەوە بە كۆیە یان دووكاندا دەچنە سنووری ڕاپەڕین، دەرمانەكان یان ئێرانین یان دەرمانی كۆمپانیا بڕاندەكانن كە لە ئوردن و سعوودیە و ئیماڕاتەوە بە سنوورەكانی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا هاتوون و لەڕێی قاچاخەوە بەسەر شارەكانی عێراقدا دابەش بوون و گەیشتوونەتە كەركووك، لە كەركووكیشەوە بەتەقتەقدا دەگەنە رانیە.

باس لەوەش كراوە ڕێیەكی تری هێنانی دەرمانی قاچاخ ئاڵوگۆڕێكی زۆری دەرمانی قاچاخ لە نێوان سۆران و ڕانیەدا هەیە، لە دوو ڕێوە گرووپێك لە قاچاخچییەكانی (سۆران و ڕانیە و كەركووك) بۆ ساغكردنەوەی قاچاخەكانیان لە كۆگا و دەرمانخانەكانی ڕانیە و سۆران و كۆیە ئەنجامی دەدەن، دوو ڕێیەكەش ئەمانەن:

۱- ڕێی ڕانیە - سۆران : بەدرێژایی دۆڵی شاورێ و ڕێی زینی وەرتێ و بە بناری چیای كارۆخدا كە ڕێیەكە چاودێری لەسەر نییە و زۆربەی قاچاخەكانیان لەو ڕێیە ئاڵۆگۆڕی پێ دەكەن.

۲- ڕێی ڕانیە - سۆران : بەدرێژایی دۆڵی خۆشناوەتی تا دەگاتە بالیسان و ئینجا بەرەو هەریر و خەلیفان لەوێشەوە بۆ سۆران و قاچاخەكانیان ئاڵوگۆڕی پێ دەكەن.

"قاچاخی سۆرانیش كە بەشێكی لەڕێی حاجی ئۆمەرانەوە دێت لەو دوو ڕێیەوە دەچێت بۆ ڕانیە، بەڵام ڕانیە بە هۆكاری پێگە جیۆگرافییەكەی باشتر توانای دابینكردنی دەرمانی قاچاخی هەیە بۆ سۆران". لە ڕاپۆرتی كوالێتی دەرمان ڕوون كراوەتەوە.

ئەوەیش باس كراوە كە هەرزانی نرخی دەرمانی ڕانیە هۆكاری خراپی كوالیتی دەرمانەكانیانە، ڕانیە بووەتە سەرچاوەی ساغكردنەوەی دەرمانی قاچاخ و كوالێتی خراپ، هەروەها بووەتە سەرچاوەیەكی باشیش بۆ دابینكردنی قاچاخ بۆ ناوچەكانی تری كوردستان، ئەگەر چاودێری لەسەر ئەو شارۆكەیە زیاد نەكرێت بەهیچ جۆرێك ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی بازاڕی دەرمان لە كوردستان بەباشی بكرێت.

لەبارەی هۆكاری ئەو هەموو دەرمانە خراپە كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ڕوونی كردووەتەوە، بەهۆی نەبوونی چاودێری لە ڕانیە ژمارەیەكی زۆری شوێنی نایاسایی دەرمانفرۆشی هەیە كە هیچیان مەرجی یاسایی و زانستییان تێدا نییە، ڕۆژانە لەو شوێنانە بایی ملیۆنان دینار دەرمانی قاچاخ و كوالیتی خراپ بە نەخۆش ساخ دەكرێتەوە و كەسیش لێپێچینەوەیان لێ ناكات ، قایمقام و ئاسایش و تەندروستیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە.



وشە - رامیار جەواد