چەند چارەسەرێك بۆ كەمكردنەوەی جێی برینی دڕكەو مێكوتە

:: PM:03:04:22/06/2019 ‌
جێی برینی مێكوتە كاتێك دەردەكەوێت كە سەری برینی لیرەكان بڕووشێنرێت بە نینۆك یان هەر رێیەكی تر. زۆر كات لەسەر پێستی دەموچاو دەردەكەوێت. خۆشبەختانە دەتوانرێت لە رێی ئەم چارەسەرە سروشتییانەوە جێی برینەكان كەم بكرێنەوە كە لەسەر پێستی دەموچاو دەردەكەون.

زۆر بەرهەمی سروشتی هەیە بۆ لابردنی جێی برینی دڕكە مێكوتە، بەڵام رەنگە لەگەڵ زۆر جۆری پێستدا نەگونجێت، بۆیە باشتر وایە پێش هەر بەرهەمێك كە بۆ لابردنی جێی برینی مێكوتە بەكار دەهێنرێت راوێژ بە پزیشكی تایبەت بكرێت لەسەر كاریگەر و سوودی ئەو پێكهاتەیە.

ئەم چارەسەرە سروشتییانە بۆلابردنی جێی برینی مێكوتە بەكار دەهێنرێت.
یەكەم: جێڵی ئالۆڤێرا، ئالڤێرا یەكێكە لە رووەكە بەسوودەكان بۆ چەندان چارەسەری سروشتی بەكار دەهێنرێت بەتایبەتی لابردنی خاڵی رەش و برینی مێكوتە، بڕێكی باش خۆراك بەپێست دەدات و یارمەتی تازەبوونەوەی پێست دەدات. بەكارهێنانی زۆر ئاسانە تەنیا ئەو مادە لینجەی كە تێیدایە بۆ پێستت بەكار بهێنە كە وشك بووەوە بە ئاو بیشۆ.

دووەم: كەرەی كاكاو، جۆرێكە لە كرێمی چەوری رەنگ سەوز لە كاكاو دروست دەكرێت پێكهاتەیەكی لووسە لەسەر پێست دەتوێتەوە و یارمەتی شێداركردنەوەی پێست دەدات. بڕێكی باش دژەئۆكسیدی تێدایە جێیی برین كەم دەكاتەوە لەسەر پێست. زۆر باشە بۆ ئەو ژنانەی كەلە كاتی دووگیانیدا پێستیان تووشی كشان و دروستبوونی هێڵ بووە.

سێیەم: شێداری لەش، شێداری لەش زۆر گرنگە بۆ كەمكردنەوەی ئەو جێ برینانەی كە لەسەر پێست هەن. پێویستە رۆژانە نزیكەی 10 بۆ 12 پەرداخ ئاو بخورێتەوە بۆ ئەوەی پێستت بە شێداری بمێنێتەوە بە درێژایی رۆژ وە كاری خانەكان لە لەشدا زیاد دەكات و ئاسانتر دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی جێی برین.

چوارەم: ڤیتامین ئی، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی كەلە ساڵی 2016 ئەنجام درا لەسەر كاریگەرییەكانی ڤیتامین ئی و چارەسەركردنی جێی برین. دەركەوت كە ئەم ڤیتامینە توانای كەمكردنەوەی جێی برینی هەیە لەسەر پێست بەتایبەتی ئەو برینانەی كە كۆنن، هەروەها لە هەندێك توێژینەوەی تردا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەم ڤیتامینە زیانی هەیە بۆ پێست رەنگە لە هەندێك جۆری پێستدا ببێتە هۆی خورن و لیر. 



وشە - ئاوات ئازاد