ئیمپراتۆرى گۆرانیی كوردی..
له قۆناغه كۆنه‌كاندا گه‌لی كورد به‌گشتی و چینی نه‌خوێنده‌وار به‌تایبه‌تی زۆر به‌چاوی سووك و به بێبه‌زه‌ییانه ته‌ماشای هونه‌ر به‌گشتی و گۆرانی‌یان به‌تایبه‌ت ده‌كرد و گۆرانیبێژیان به لۆتی و چاوه‌ش ناوزه‌د ده‌كرد. جگه له بارزانی نه‌مر نه‌بێت كه رێزی تایبه‌تی له هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك گرتووه. ئه‌وه‌تا مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئه‌و گه‌واهییه ده‌دات و له كتێبی یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌ناوی "گه‌ڵای پایز"دا، پاش ئه‌وه‌ی باسی توندوتۆڵی پێوه‌ندی نێوان خۆی زیره‌ك ده‌كات، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه چه‌ندان جار به‌ند كراوه و دواتر به‌هه‌وڵ و ته‌قه‌لای عه‌لی مه‌ردان خۆی و چه‌ند به‌رپرسێكی دڵسۆزی كورد ئازاد كراوه.
له‌لاپه‌ڕه 288ی كتێبه‌كه عه‌لی مه‌ردان ده‌ڵێ: رۆژێك له رۆژه‌كانی شوباتی 1969به‌ر له رێككه‌وتننامه‌كه‌ی 11ی ئاداری 1970، ده‌مه‌وعه‌سر له ده‌رگه درا، كه كردمه‌وه ده‌ڕوانم كاك حه‌سه‌ن زیره‌كه وا له به‌رانبه‌رمدا وه‌ستاوه، پاڵتۆیه‌كی ئه‌ستووری قورسی له‌به‌ردا بوو، پاش ئه‌وه‌ی شه‌وێكی خۆشمان به‌سه‌ر برد بۆ به‌یانی روخسه‌تی خواست تا بگه‌ڕێته‌وه. به‌سوعبه‌ته‌وه پێم گوت: تۆ بڵێی ئه‌مجاره‌ش له بنكه‌ی پۆلیسی سه‌را نه‌تبینمه‌وه؟ قاقا پێكه‌نی و گوتی: ئه‌مجاره ئه‌وه نابێته‌وه، ئێسته نامه‌ی "عه‌ده‌م ته‌عه‌روز"ی جه‌نابی بارزانیم پێیه، كێ حه‌دی هه‌یه بمگرێ. هه‌روا به‌ده‌نگێكی نزم گوتی: ده‌مانچه‌یه‌كی به‌دیاری داومه‌تێ.
عه‌لی مه‌ردان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێ: به‌ڕاستی شاد و به‌خته‌وه‌ر بووم كه سه‌ركرده‌ی كورد ئاوا رێز له حه‌سه‌ن زیره‌كی هونه‌رمه‌ند بگرێ. هه‌رچه‌نده گه‌لی كورد خاوه‌نی كولتوور و گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌ری گۆرانی و مه‌قامه و ده‌نگخۆش و مه‌قامزانی فره‌شمان هه‌بووه, به‌ڵام كه‌س زاتی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد خۆی له قه‌ره‌ی گۆرانیگوتن بدات (وه‌ك پیشه) له‌به‌ر تانه و ته‌شه‌ر و لۆمه‌ی خه‌ڵك. له‌پاش مردنی (زیره‌ك) درزێكی گه‌وره كه‌وته نێوان هونه‌ری گۆرانی كوردی و جه‌ماوه‌ره‌وه. بۆ گه‌لی كورد و هه‌وادارانی هونه‌ری گۆرانی بوو به شه‌رمه‌زاری و هه‌ستكردن به دواكه‌وتن و ته‌ریقبوونه‌وه له ئاستی رێز نه‌گرتنی هونه‌رمه‌ندان, بۆیه كه‌وتنه كۆكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كان و نووسینه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك و نزیكه‌ی 20 كتێبیان له‌سه‌ری به چاپ گه‌یاند. هه‌ر له پاش زیره‌ك, چه‌ندان كتێبی تریش له‌سه‌ر ژیاننامه و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان تایه‌ر تۆفیق و عه‌لی مه‌ردان و خالقی و محه‌مه‌دی ماملێ و محه‌مه‌د جه‌زا و ناسری ره‌زازی.. هتد به‌چاپ گه‌یه‌ندران. ئێسته هونه‌رمه‌ندانی كورد له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆنسێرتی تایبه‌تیان بۆ ساز ده‌كرێت و رێزیان لێ ده‌گیرێت له‌لایه‌ن گه‌ل و سه‌ركرده‌كانه‌وه.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌رچه‌نده نه‌خوێنده‌وار و مرۆڤی كاسبكار و ساده بوو, كه‌سیش فێری نه‌كردبوو و رێنوێنی نه‌كرابوو, ده‌رچووی هیچ قوتابخانه و ئه‌كادیمیای هونه‌ری نه‌بوو, به‌ڵام خاوه‌نی ستایل و قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی بوو, خۆی مامۆستای خۆی بوو, له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگانه‌ی ده‌هاتنه رێی و بووبوون به به‌ربه‌ست له به‌رده‌میدا, كه‌چی زۆر به‌چاكی توانی خۆی خۆی پێ بگه‌یه‌نێت ببێ به‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه له چ شوێنێك باس له گۆرانی كوردی بكرێ، ئه‌و ده‌بێته نموونه. چونكه زیره‌ك هه‌ر گۆرانییه‌كی گوتبێت، كردوویه‌تی موڵكی خۆی.
حه‌سه‌ن زیره‌ك له مه‌ڵبه‌ندی موكریان له رۆژی ٢٩ی تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٢١ی زاینی (ساڵی ١٣٠٠ی هه‌تاوی) له دایك بووه. شوێنی له دایكبوونی زۆر ڕوون نییه، به‌گوێره‌ی قسه‌ی خه‌ڵك شاری بۆكانه و زیره‌ك له گه‌ڕه‌كی قه‌ڵای سرداری ئه‌م شاره له دایك بووه و زۆر كه‌سیش له‌وانه‌ی كه له نزیكه‌وه ده‌یناسن، گوندی "هه‌رمێله" كه له نێوان شاری سه‌قز و بۆكان هه‌ڵكه‌وتووه به شوێنی له دایكبوونی ده‌زانن. باوكی ناوی عه‌بدوڵایه و دایكی ئامینی ناو بووه. باوكی له‌لای خانانی ئاغای گوندی هه‌رمێله كاری كردووه، له‌به‌ر لێهاتوویی به زیره‌ك ناوی ده‌ركردووه. جگه له حه‌سه‌ن دوو كوڕی تری به ناوه‌كانی حوسێن و مینه هه‌بووه. زیره‌ك ته‌مه‌نی ١١ ساڵان ده‌بێ كه باوكی كۆچی دوایی ده‌كات.
ئاواره‌یی و به‌غدا
ڕۆژێك كوڕه گه‌نجێكی گوندی قوڕه‌ده‌رێ به ناوی مه‌حموود نارنج، ده‌كه‌وێته به‌ر ماشێنه‌كه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك و ده‌مرێ. له ترسان سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و ئاواره ده‌بێت تا له كوردستانی عێراق ده‌گیرسێته‌وه. دواتر ده‌گاته شاری به‌غدا و له‌وێ به هۆی چه‌ند كه‌سێك له میوانخانه‌ی "شیمال ئه‌لكه‌بیر" داده‌مه‌زرێ. له‌وێش ده‌ست ده‌كات به گۆرانیگوتن و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ناوبانگ ده‌رده‌كات. چه‌ند كه‌س له ناودارانی موزیكی كوردی وه‌ك عه‌لی مه‌ردان له ساڵی ١٩٥٣ی زاینی زیره‌ك له‌وێ ده‌بینن و ده‌یبه‌نه به‌شی كوردی "ڕادیۆی به‌غدا" بۆ یه‌كه‌م جار ده‌نگی له ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌بیسترێ و ده‌ناسرێته‌وه. له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌یان گۆرانی تۆمار ده‌كات، ئه‌م گۆرانییانه ناوی زیره‌ك به كوردستاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. له ماوه‌ی نزیك به 10 ساڵ مانه‌وه له عێراقدا ده‌بێته دۆست و ئاشنای زۆر هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی كورد، له ئه‌زموون و ڕێنوێنییه‌كانیان كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران
له ١٤ی گه‌لاوێژی ١٩٥٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئێران، له‌وێ چووه بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و ته‌ورێز و له‌وێوه گۆرانی چڕیوه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ میدیا زه‌ندی ئاشنا ده‌بێت و پێكه‌وه ژیانی هاوبه‌ش پێك دێنن كه ئاكامی ئه‌و ژیانه دوو منداڵ به ناوه‌كانی "مه‌هتاب" و "ئاره‌زوو" ده‌بێ. ساڵی ١٣٤٧ی هه‌تاوی حه‌سه‌ن زیره‌ك ماڵه‌كه‌ی ده‌باته شاری بانه و له‌وێ له "كانی مه‌لا ئه‌حمه‌د" چایخانه‌یه‌ك داده‌مه‌زرێنێ، دیاره شانبه‌شانی ئه‌و كاره‌ش له گۆرانیگوتن و كاری هونه‌ری ناوه‌ستێ و له به‌زم و شادی خه‌ڵكدا به‌شداری ده‌كات و له بۆنه‌ی جۆراوجۆردا گۆرانی تۆمار ده‌كات. پاشان ده‌چێته شاری مه‌هاباد و له دواكاته‌كانی ژیانیشیدا ده‌چێته شاری شنۆ. له شاری شنۆ به كار و كاسبی ژیان تێپه‌ڕ ده‌كات. له ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ له شاری سلێمانی له تیپی "شانۆی هونه‌ره جوانه‌كان" له‌گه‌ڵ "سێوه‌خان" و "ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵا" له شانۆگه‌ریی «بووكی ژێر ده‌واری ڕه‌ش» و «خه‌سوو یان ئه‌ژدیها» و «ته‌ڕپیر» به‌شداری كردووه. له نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ له شاری سه‌قز هۆتێلی سێ ئه‌ستێره‌یی هه‌بووه كه له‌وێ گۆرانی گوتووه.
گۆرانییه‌كانی
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك، پشتبه‌ستنی به گۆرانی فۆلكلۆری بووه. ئه‌و چاوی به زۆر ناوچه و مه‌ڵبه‌ندی كوردستان كه‌وتووه و لێیان ماوه‌ته‌وه، له‌لای خه‌ڵكه‌كه‌ی میوان بووه و له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ژیانیان و جلوبه‌رگ و هه‌ڵسوكه‌وتیان ئاشنا بووه. ئه‌و گۆرانییانه‌ی له خه‌ڵكه‌وه بیستوویه‌تی فێریان بووه. هه‌رچه‌ند زیره‌ك زۆر گۆرانیشی هه‌یه كه هه‌م هه‌ڵبه‌سته‌كه‌ی و هه‌م ئاهه‌نگه‌كه‌ی هی خۆیه‌تی، له شیعری كوردیش كه‌ڵكی وه‌رگرتووه وه‌ك شیعری شاعیران نالی، وه‌فایی، سه‌ید كامیل ئیمامی، كوردی، هه‌ردی، پیره‌مێرد و هێمن. بۆ نموونه شیعری "شه‌و"ی سه‌ید كامیل ئیمامی كردووه به گۆرانی.
زیره‌ك گۆرانیی فارسی و ئازه‌ریی هه‌یه، له‌و جۆره گۆرانییانه‌دا هه‌ڵبه‌ستی كوردی تێكه‌ڵاو كردوون. "گویلدر یه‌ڵا گویلدر" یه‌كێكه له‌و گۆرانییانه كه به زمانی ئازه‌ری گوتوویه‌تی. له‌گه‌ڵ زۆر گۆرانیبێژی كورد گۆرانی گوتووه، بۆ نموونه محه‌مه‌د ماملێ، مه‌لا حوسێنی عه‌بدوڵازاده، عوسمان بۆكانی و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ". گۆرانیی "ماڵی بابم بێ وه‌فا" یه‌كێك له‌و گۆرانییانه‌یه كه حه‌سه‌ن زیره‌ك، محه‌مه‌دی ماملێ و مه‌لا حسێنی عه‌بدوڵازاده له ساڵی ١٣٣٨ی هه‌تاوی پێكه‌وه به یارمه‌تی تیپی موزیكی كرماشان تۆماریان كردووه. "به‌رهه‌ڵبێنه" و "هه‌واره گوڵم هه‌واره" دوو گۆرانیی ترن كه زیره‌ك و محه‌مه‌دی ماملێ پێكه‌وه گوتوویانه.
ژیانی هونه‌ری
له ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا زیره‌ك ده‌ربه‌ده‌ری زۆری چێشت، ماوه‌یه‌ك له شاره‌كانی ئێران و ماوه‌یه‌ك له عێراق. له ڕۆژانی ده‌ستپێكی ژیانی له باشووری كوردستان له شاری سلێمانی كاری ده‌كرد. ڕۆژێك به‌ده‌م كاره‌وه له‌ژێر لێودا گۆرانی ده‌خوێنێت، ئه‌و گۆرانییه و ده‌نگی زیره‌ك هه‌ستی ڕێبوارێك ده‌بزوێنێ، ئه‌و ڕێبواره ده‌بێته هۆی گۆڕانكاری له ژیانی زیره‌ك و ڕێی بۆ ده‌كاته‌وه بڕواته ڕادیۆی به‌غدا. بۆ ماوه‌یه‌ك له ڕادیۆی به‌غدا كار ده‌كات و كاتێ له ساڵی ١٩٥٦ به‌شی كوردی ڕادیۆ تاران ده‌ست به‌كار ده‌كات، زیره‌ك بۆ تاران بار ده‌كات و له‌وێ درێژه به كار ده‌دات. زۆربه‌ی به‌رهه‌ماكانی له ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی موزیكی ئێرانی وه‌ك: حوسێن یاحه‌قی، حه‌سه‌ن كه‌سایی، جه‌لیل شه‌هناز، جه‌هانگیر مه‌له‌ك و ئه‌حمه‌د عیبادی بووه.
زیره‌ك ئه‌گه‌رچی له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌سته‌می ژیان له خوێندن بێبه‌ش مابوو، به‌ڵام توانای بێوێنه‌ی له هۆنینی شیعری كوردی و دانانی میلۆدیی كوردی هه‌بوو. ئه‌و توانایه له‌گه‌ڵ ده‌نگی بێوێنه‌ی، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه گۆرانییه‌كانی له سه‌رانسه‌ری كوردستان بڵاو ببنه‌وه و ببێته خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك كه ئێسته‌ش له شار و گونده‌كانی كوردستان و له ماڵی كورده‌كان گوێ له گۆرانییه‌كانی ده‌گیرێت. حه‌سه‌ن كاتێ له تاران بوو، له‌گه‌ڵ بێژه‌ری به‌شی كوردی ڕادیۆی تاران خاتوون "میدیا زه‌ندی* یه‌كیان ناسی و دوای ماوه‌یه‌ك ژیانی هاوسه‌رییان پێكهێنا.
حه‌سه‌ن زیره‌ك نه له ئێران و نه له عێراق ڕووی خۆشیی نه‌بینی. هه‌ڵسوكه‌وتی حكوومه‌تی ئێران كێشه‌ی زۆری بۆ دروست كرد، ئه‌وه دڵی ناسكی زیره‌كی ڕه‌نجاند و بڕیاری دا چیتر نه‌گه‌ڕێته‌وه تاران. باری كرد بۆ عێراق، به‌ڵام له به‌غدایش ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له گرتووخانه ئه‌شكه‌نجه درا. خۆی ده‌گێڕێته‌وه كه له بن‌میچ هه‌ڵواسراوه و لێی دراوه. بۆیه دوای ڕزگاری ڕه‌وانه‌ی ئێران ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام بۆ چاره‌ڕه‌شی له ئێرانیش ساواك ده‌یگرێ و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆری ده‌كه‌ن. حه‌سه‌ن زیره‌ك له نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ له ڕادیۆ كرماشان كاری كردووه. له‌و ماوه‌دا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی موزیكی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ك موجته‌با میرزاده، محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مدی، ئه‌كبه‌ر ئیزه‌دی و به‌همه‌ن پووله‌كی كاری كردووه و ئه‌و هاوكارییه بووه هۆی خوڵقاندنی به‌رهه‌می وا كه وه‌ك شاكاره‌كانی موزیكی ئه‌و سه‌رده‌مه یادگار ماون.
كۆچی دوایی
ڕۆژی پێنجی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٩٧١ی زاینی، نه‌خۆشی هێرشی بۆ دێنێ و شێرپه‌نجه‌ی جه‌رگ له عه‌ردی ده‌دا و دوای ماوه‌یه‌ك له 26/6/١٩٧٢ له نه‌خۆشخانه‌ی شاری بۆكان ماڵئاوایی یه‌كجاری له ژیان ده‌كات. له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له داوێنی كێوی "ناڵه‌شكێنه"ی بۆكان به خاك سپێردرا. گۆڕه‌كه‌ی بوو به زیاره‌تگه‌ی هه‌وادارانی.
سه‌رچاوه :
1 ـ كتێبی ناڵه‌شكێنه و گه‌وهه‌رێ كه تایبه‌تن به ژیاننامه و گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك.
2 ـ كتێبی "گه‌ڵای پایز" كه بریتییه له یاده‌وه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند "عه‌لی مه‌ردان".
ـ سه‌ردانی په‌یكه‌ر و گڵكۆی "حه‌سه‌ن زیره‌ك" له شاری بۆكان ساڵی 2014 و 2017.
میدیا زه‌ندی كچی تێكۆشه‌ری كورد "عه‌زیز زه‌ندی" سكرتێری رێكخراوی "ژ.ك" بوو.
وشه/ ستار جه‌باری