چارەنووسی بێسەروشوێنانی شەڕی عێراق و ئێران دیاری دەكرێت

:: PM:01:18:24/06/2019 ‌
شاندێكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆماری  ئیسلامی ئێران كۆ بوونەوە بۆ یەكلا كردنەوەی چارەنووسی ئەو سەربازانەی تا ئێستە هیچ شوێنەوارێكیان نەماوە یان لە گۆڕی بە كۆمەڵن.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی حوزەیران، سەربەست مەنتك سەرۆكی ڕێكخراوی بێسەروشوێنان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆر لە خێزانی كورد دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە شەڕی عێراق-ئێران هێشتا چارەنووسی هاوسەر یان كوڕ و باوكیان دیار نییە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، شاندەكەی ئێران و عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و باس لە هەڵدانەوەی گۆڕی سەربازە ونبووەكانی شەڕی عێراق و ئێران هەر لەو كۆبوونەوەیەی نێوانیان هەر سێ لایەن رێككەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی ئەو ڕوفاتانەی دەدۆزرێنەوە لەنێوان عێڕاق و ئێراندا.

باسی لەوەشكرد، پێمان باشە نووسراوێكیش بەفەرمی ئاراستەی عێراق بكرێت تا بزانرێت چارەنووسی ئەو كەسانە چیە كە وەكو دیل كەوتنە دەست كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراق دەكەین.

لە ساڵی 1980 شەڕی عێراق و ئێران دەستی پێ‌ كرد و لە 1988 دوای هەشت ساڵ كۆتایی هات بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری سەرباز و هاووڵاتی تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە.



وشە - رامیار جەواد