لەسەر پێكهێنانی حكوومەت پارتی بڕیارێكی دەركرد

:: PM:05:28:24/06/2019 ‌
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، دوای تەواوبوونی سەردانی شاندی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ پێویستە لایەنەكان سی ڤی وەزیرەكانی خۆیان پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی پێكهاتەی حكوومەتی نوێ پێشكەشی پەرلەمان بكرێت و حكوومەتی نوێ لە وادەی خۆی پێكدێت.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران، پێشەوا هەورامی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەردانكردنی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنە سیاسیەكان كۆتایی هاتووە و پێویستە لایەنەكان سی ڤی كاندیدانی خۆیان پێشكەش بە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت بكەن بۆ ئەوەی كابینەكە ئامادە بكات و پێش وادەی یاسایی خۆی لەماوەی مانگێك پێشكەشی پەرلەمانی بكات.

پەرلەمانتارەكەی پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وادەی یاسایی خۆی پێكدێت و بەهیچ شێوەیەك لەوادەی یاسایی خۆی تێپەر ناكات و درێژیش ناكرێتەوە ماوەكەی، چونكە پارتی بڕیاری داوە لە وادەی یاسایی پێكبێت و لەسەر هیچ لایەنێك ناوەستێت.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێشتر سەردانی چەندان لایەنی سیاسیی كردبوو پشكی زۆربەیانی دیار كراوە، ئەوەی ماوەتەوە ناردنی سی ڤی كەسەكانە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم