جۆر ئۆروێل له ڕۆمانی "1984" فێڵی له هه‌موومان كرد، ماوه‌ی حه‌فتا ساڵه وامان ده‌زانی ڕه‌خنه‌یه له سیسته‌می سۆسیالیستی و یه‌كێتیی سۆڤێت، به‌ڵام ئێسته ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌و ڕۆمانه به ته‌واوی سیسته‌می لیبراڵدیموكراتی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ئه‌وه‌ی ئه‌و باسی ده‌كرد، ئێسته‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوایه، چۆن له ڕێی زلهێزیی سه‌ربازی، هه‌واڵگری و دارایییه‌وه، به شێوه‌ی به‌گه‌ڕخستنی ته‌كنه‌لۆژیا، هه‌ژموونیان به‌سه‌ر جیهاندا ده‌سه‌پێنن. مێژوو له "1984" وه‌ستا و ئیدی ساڵانی دوای ئه‌وه، خه‌ریكی دووباره‌كردنه‌وه‌ین.
دۆریان لاینسكی
هیچ ڕۆماننووسێكی سه‌ده‌ی بیست، هێنده به فراوانی نه‌چووه‌ته ناو ململانێ سیاسی و كولتوورییه‌كان، هێنده‌ی ئیریك بلێر، ناسراو به "جۆر ئۆروێل"، به تایبه‌تی ڕۆمانی "1984" كه ساڵی 1949 بڵاو كراوه‌ته‌وه. ڕۆمانه‌كه، وه‌ك ژیانی خۆی، مێژوویه‌كی جه‌نجاڵ و پێشبینییه‌كی ئاڵۆزی داهاتوو نیشان ده‌دا.
ڕۆمانی "1984" له سه‌رده‌می دووه‌م جه‌نگی جیهانگره‌وه‌دا، وه‌ك به‌شێك له شه‌ڕی سارد دژی یه‌كێتیی سۆڤێت به‌كار ده‌هێندرا، چونكه له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا، پڕیه‌تی له ڕه‌خنه‌ی توند له‌و سیسته‌مه، ئاخر ئۆروێل خۆی ته‌واو شاره‌زای چه‌پ بووه، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه و ببێته به‌شێك له پروپاگه‌نده‌ی بریتانیا و وه‌ك هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن، ببێته "منداڵه نازداره‌كه". وێڕای ئه‌مانه، ڕۆمانه‌كه پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزی به دۆخی دنیاوه یه، ته‌نانه‌ت دوای ته‌واوبوونی شەڕی سارد و توانه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤێت له 1991، هێشتا تا ئێسته‌یش ئه‌و ڕۆمانه بۆ هه‌ر زمانێك وه‌رگێڕدرابێت، له ڕیزی پێشه‌وه‌ی پڕفرۆشترینه‌كانه و ڕكابه‌ریی نوێترین ڕۆمان ده‌كات.
ڕۆژی هه‌شتی حوزه‌یران، 70 ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌م چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانی "1984" تێپه‌ڕی. دۆریان لاینسكی، ڕۆژنامه‌نووسی ناسراوی بریتانی، ئه‌و یاده‌ی قۆسته‌وه و وه‌ك یه‌كێك له نه‌مرترین ڕۆمانه‌كانی دنیا ناساندی، وێڕای ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی، ڕ‌ومانی "كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵان"ی هه‌مان ڕۆماننووس به باشتر و نه‌مرت هه‌ژمار ده‌كه‌ن، به تایبه‌تی له ڕووی ئه‌ده‌بی و قووڵیی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌وه.
دۆریان له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی "وه‌زاره‌تی حه‌قیقه‌ت" به ته‌واوی له ڕۆمانه‌كه‌ی جۆر ئۆروێل كه به‌لای ئه‌وه‌وه باشترینه، قووڵ بووه‌ته‌وه. هه‌ر خۆی ناونیشانی كتێبه‌كه‌شی یه‌كێكه له‌و ده‌سته‌واژه سه‌رنجڕاكێشانه‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا به‌كار هاتووه و به‌شێكه له‌و تاسانه‌ی تووشی خوێنه‌ری ده‌كه‌ن.
ئیلهامبه‌خشی ڕۆمانی "1984" ئه‌وه‌نده پێوه‌ست نییه به ئه‌زموونی سیسایی جۆر ئۆروێله‌وه وه‌ك زۆر كه‌س بۆی ده‌چن، هێنده‌ی ده‌رئه‌نجامی ساتێكی مێژوویی خۆی بووه كه له ساڵی 1937 تێیدا ژیاوه، به‌هۆیه‌وه تووشی شۆكێكی فكریی ترسناك بووه‌ته‌وه و به ته‌واوی گۆڕیویه‌تی و ئیدی له‌و كاته‌وه مه‌یلی له چه‌په‌وه بۆ ڕه‌وتی ڕاست گۆڕاوه و ئیدی له دوا ساته‌كانی ژیانیدا وه‌ك به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی پێشكه‌شی كردووه.
دۆریان لاینسكی ده‌ڵێ، ساڵی 1937 چی بوو؟ جۆر ئۆروێل وه‌ك زۆربه‌ی گه‌نجانی گه‌رمی ئه‌و سه‌رده‌مه، خۆبه‌خشانه چوونه سووپای پشتیوانیی كۆماری ئیسپانی كه ڕووبه‌ڕووی فایشسته ڕاستڕه‌وه‌كان بووبوونه‌وه كه له ڕۆژئاواوه پشتیوانی ده‌كران و جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیای لێ كه‌وته‌وه. ئۆروێل كه به‌شێك بوو له چه‌په ترۆتسكییه‌كان، به‌چاوی خۆی بینی چۆن زۆربه‌ی هاوڕێكانی به‌ده‌ستی خۆبه‌خشه ماركسییه‌كانی سه‌ر به مۆسكۆ ده‌كوژرێن، نه‌وه‌ك به ده‌ستی سه‌ربازانی جه‌نه‌ڕاڵ فرانكۆ. هه‌روه‌ها ده‌یبینی چۆن ڕاپۆرتی چه‌واشه‌كه‌ر به‌رز ده‌كرانه‌وه و ڕووی ڕاستیی ڕووداوه‌كانیان ده‌گۆڕی. ئه‌مانه وای كرد، ئۆروێل به‌رشه‌لۆنه به‌جێ بهێڵێ و هه‌ڵبێت، دوای ئه‌وه‌ی سوپای سۆڤێت گه‌یشتنه ناوی، چونكه ده‌یزانی ئه‌ویش وه‌ك خۆبه‌خشه‌كانی تر له‌ناو ده‌برێ. ئۆروێل له ڕۆمانی "خوات له‌گه‌ڵ كه‌ته‌لۆنیا" كه ساڵی 1938 بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ڕووداوانه‌ی هه‌موو گێڕاوه‌ته‌وه.
له ڕۆمانی "1984"دا، به پێچه‌وانه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی پێشوو، كاتێكی زۆری ویست تا ته‌واوی كرد، له‌و كاته‌شدا هاوسه‌ره‌كه‌ی تووشی نه‌خۆشی بوو، پاشان خۆی نه‌خۆش كه‌وت و ماوه‌یه‌كی درێژ له نه‌خۆشخانه مایه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا كه به ته‌واوی وازی له بیری چه‌پ هێنابوو، هاوڕێ چه‌په‌كانی ئاگه‌داری ئه‌وه نه‌بوون، هه‌ر بۆیه كاتێك له نه‌خۆشخانه بووه، هه‌ر هاوڕێیه‌كی سه‌ردانی كردبێت، ناو زانیارییه‌كانی ده‌دایه حكوومه‌تی بریتانیا.
كتێبی "وه‌زاره‌تی حه‌قیقه‌ت" به دوو قۆناغی جیاوازدا باسی قۆناغه‌كانی پێگه‌یشتنی هزری جۆر ئۆروێل ده‌كات و خاڵی چه‌قیش بریتییه له ڕۆمانی "1984"، قۆناغی پێش ڕ‌ومانه‌كه و قۆناغی دواتر، مه‌به‌ستیشمان له‌و دواتره تا ئێسته‌یه.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه بریتانییه له كتێبه‌كه‌یدا، ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ، ئه‌وه‌ی جۆر ئۆروێل باسی كردووه، پێشبینییه بۆ سه‌رده‌مه‌كانی دوای خۆی و ئێسته‌یش به‌شێكه له‌و پێشبینییانه،
شتێك كه زۆر جێی سه‌رنجه، كاتێك ڕۆمانی "1984" بڵاو كرایه‌وه، له بریتانیا هیچ بایه‌خێكی ئه‌وتۆی وه‌رنه‌گرت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك ڕه‌خنه‌گر وا له‌سه‌ریان نووسی كه ڕۆمانێكی ڕه‌شبینه و زۆر به ڕه‌شبینییه‌وه ده‌ڕوانێته داهاتوو و شایه‌نی خوێندنه‌وه نییه. ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه، به‌رهه‌مێكی مه‌زن نه‌مر، له سه‌رده‌می نووسه‌ره‌كه‌یدا بایه‌خ په‌یدا نه‌كات، به‌ڵام دواتر گرنگییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ.
له‌وه‌ته‌ی دۆناڵد ته‌ره‌مپ بووه به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، زیاتر بایه‌خی ئه‌م ڕۆمانه‌ی جۆر ئۆروێل ده‌ركه‌وتووه، چونكه ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه، هه‌ندێك پێشبینیی ناو ڕۆمانه‌كه، به هاتنی تره‌مپ هاتوونه‌ته دی، هه‌ر بۆیه به‌پێی ئه‌و ڕووپێوییه‌ی دۆریان لاینسكی كردوویه‌تی، له دوای هاتنی تره‌مپ، فرۆشی ڕۆمانه‌كه 9500% زیادی كردووه و ئێسته‌یش خه‌ڵات وه‌رده‌گرێ.