مێژووی مۆندیال.. یەكەم مۆندیال بە 13 هەڵبژاردە بەڕێوە چووە

:: AM:09:17:11/01/2017 ‌

دوێنێ سێشەم بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) بەفەرمی بڕیار لەسەر زیادكردنی ژمارەی هەڵبژاردەكانی مۆندیالی 2026 لە 32 هەڵبژاردەوە بۆ 48 هەڵبژاردە درا.

لێرەدا بۆ خوێنەرانی (وشە) بەشێك لە مێژووی مۆندیال و ژمارەی هەڵبژاردەكان دەخەینەڕوو كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1930 لە ئۆرگوای بەڕێوە چوو.

یەكەم جامی جیهانی لە ساڵی 1930 لەسەر خاكی ئۆرگوای بەڕێوە چوو، ئەو كات بەهۆی شەڕ و كێشەی سیاسی وڵاتان تەنیا بە 13 هەڵبژاردە بەڕێوە چوو، دواتر لە مۆندیالی 1934ی ئیتاڵیا ژمارەی هەڵبژاردەكان بۆ 16 هەڵبژاردە زیاد بوو، یارییەكانی مۆندیال تا ساڵی 1950 بەم رێژە هەڵبژاردە بەڕێوە چوو.

لە مۆندیالی 1950 ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكان بۆ 13 هەڵبژاردە كەم بووەوە ئەویش بەهۆی شەڕی دووەمی جیهانییەوە، بەڵام لە مۆندیالی 1954 ژمارەكە هاتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و بە 16 هەڵبژاردە پاڵەوانیەتییەكە بەردەوام بوو.

ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەكانی مۆندیال لە ساڵی 1954 تا 1982 هەر وەك خۆی بە بەشداریی 16 هەڵبژاردە بەردەوام بوو، بەڵام لە مۆندیالی 1982ی ئیسپانیا بۆ یەكەمجار بە فەرمانی فیفا ژمارەكە بۆ 24 هەڵبژاردە زیاد كرا.

لە مۆندیالی 1998ی فڕەنسا یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی بڕیاری دا دووبارە دەستكاری ژمارەی هەڵبژاردەكان بكات و بەمەش ژمارەیانی بۆ 32 هەڵبژاردە زیاد كرد، لە هەردوو مۆندیالی 2018ی رووسیا و 2022ی وڵاتی قەتەڕ هەر هەمان سیستەم بەكاردێت و بە بەشداریی 32 هەڵبژاردە بەڕێوە دەچێت.

بەڵام لەسەر راسپاردەی جیانی ئینڤانتینۆی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی، زۆرینەی ئەندامانی یەكەتییەكە دوێنێ سێشەم دەنگیان بە بڕیاری زیادكردنی هەڵبژاردەكان بۆ 48 هەڵبژاردە دا و ئەم سیستەمەش بۆ یەكەمجار لە مۆندیالی 2026 جێبەجێ دەكرێت كە تا ئێستا وڵاتی مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە دیاری نەكراوە.

هەرچەندە بەشێكی زۆری وڵاتان و كەسایەتییە وەرزشییە ناودارەكان دژی بڕیاری زیادكردنی هەڵبژاردەكان بۆ 48 هەڵبژاردە وەستاونەتەوە، بەڵام سەرۆكی فیفا پێداگیرە لە پەیڕەوكردنی سیستەمەكە و زیادكردنی یارییەكان و هەڵبژاردەكانی مۆندیالی داهاتوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م