له زیادكردنێكدا، سێ پۆشاكی گرانبه‌های شازاده دایانای كۆچكردوو فرۆشران، له ناویشیاندا كراسێكی تێدابوو كه بۆ وڵاتێكی عه‌ره‌بی پۆشیبووی و پاره‌یه‌كی زۆری پێ درا.
ماڵپه‌ڕی
لبنان24 بڵاوی كرده‌وه، له مانگی حوزه‌یرانی ڕابردوو سێ پارچه پۆشاكی شازاده دایانی كۆچكردووی به‌ریتانیا له زیادكردنێكدا فرۆشران، یه‌كێك له‌وانه كراسێكی خه‌تخه‌تی شین و سپی بوو، كه له ساڵی 1986 له گه‌شتێكیدا بۆ به‌حره‌ین پۆشیبووی.
دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به زیادكردنه‌كه سه‌باره‌ت به‌م كراسه به میدیاكانیان گوتووه، ئه‌و كراسه شین و سپییه‌ی شازاده بۆ به‌حره‌ین پۆشیبووی، باوترین و گرنگترین پارچه‌ی زیادكردنه‌كه بوو، هۆكاری گرنگییه‌كه‌یشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌و كراسه بۆ بۆنه‌یه‌كی فه‌رمیی له‌به‌ر كراوه و گه‌شته‌كه‌یشی له‌گه‌ڵ شازاده چارلز كردبوو.
ئه‌م كراسه بڕ‌ی 106 هه‌زار و 900 دۆلاری پێ دراوه، به زیادبوونی بڕ‌ی %25 له باجی كڕیاریش نرخه‌كه‌ی بووه‌ته 133 هه‌زار و 657 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
ئه‌م كراسه خه‌تخه‌ته شین و سپییه‌ی شازاده دایانا له دیزاینی ئێلیزابێس ئیمانوێل بووه، ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و دیزاینه‌ره‌یه كه دیزاینی كراسی بووكێنییه‌كه‌ی شازاده دایانای له ساڵی 1981دا كردبوو.