هێزەكانی عێراق كەوتوونەتە ناو تەڵەی جەنگێكی بێهوودەی داعش

:: PM:05:40:10/07/2019 ‌

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و دوای چەندان راپۆرتی بیانی كە باسیان لە پەرەسەندنی توانای سەربازی رێكخراوی داعش كرد، هێزە هاوبەشەكانی عێراق دەستیان بە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە چەند ناوچەیەكی عێراق كرد بۆ راوەدوونانی پاشماوەی چەكدارانی داعش كە خەریكە خۆیان رێك دەخەنەوە، شارەزایەكی تەناهی عێراقیش دووپاتی دەكاتەوە كە داعش توانوویەتی سوپای عێراق بخاتە ناو جەنگێكی بێهوودە و لاوازكردن. 

بێ ئەوەی ئاماژە بۆ زیانی گیانی رێكخراوی داعش بكەن، سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی "ئیرادەی سەركەوتن"، دوێنێ سێشەم رای گەیاند كە توانوویانە 15 گوند و ناوچە لە چەكدارانی رێكخراوی داعش پاك بكەنەوە لە باكوری رووباری فورات تا پارێزگای نەینەوا بەدرێژایی سنوورەكانی عێراق و سووریا، جیا لە بۆردمانكردنی 14 سەربازگە و حەشارگەی رێكخراوی داعش لەو ناوچانەدا.

فەریق رووكن محەمەد عەسكەری، راوێژكاری راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگری عێراق رای گەیاند كە ئۆپراسیۆنەكە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگرییەوە دەستی پێ كردووە و كۆتاییشی نایەت تا كۆنترۆڵكردنی هێزە تەناهیەكان بۆ هێڵی سنووری نێودەوڵەتی و وێرانكردنی هەموو توونێڵ و بارەگا و بۆمب و ئۆتۆمبێلە بە بۆمب چێنراوەكان، وەك رۆژنامەی "بەیان" باسی لێوە كرد.

 بەپێی زانیارییەكان لەو ئۆپراسیۆنەدا 200 بۆمبی چێنراو و 12 بارەگا و سەربازگەیەكی ژێر زەوی و چەند ماتۆرسكیلێكی بۆمبڕێژكراو دەستی بەسەردا گیراوە، شانەی راگەیاندنی جەنگ دووپاتی دەكاتەوە كە ئۆپراسیۆنەكە بە بەشداری چەند كەرتێكی سوپای عێراق لە ئۆپراسیۆنەكانی جەزیرە و نەینەوا و سەڵاحەدین و هێزەكانی پاڵپشت و بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت. لەوكاتەی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی ئەنبار دووپاتی كردەوە كە هێزە هاوبەشەكان دووەم بەشی ئۆپراسیۆنەكەیان تەواو كردووە و سەركردایەتی پۆلیسی دیالەش دەستبەسەرداگرتنی حەشارگەی شانەیەكی تیرۆریستی راگەیاند كە پلانی هێرشكردنە سەر چەند ئامانجێكی لە پارێزگاكەدا هەبووە. 

لیوا فەیسەڵ عەبادی، فەرماندەی پۆلیسی دیالە لەو بارەوە دەڵێت، حەشارگەكە چەندان بۆمبی چێنراوی تیابووە، لەوكاتەی نایف شمەری ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئۆپراسیۆنەكە گورزێكی گەورە بوو بۆ تیرۆر و پێویستە كۆنتڕۆڵی سنوورەكان بكرێت و زەوی ناوچەكان كۆنترۆڵ بكرێنەوە دوای پاككردنەوەیان لە چەكدارانی داعشەوە.  لەوكاتەی ئۆپراسیۆنی "ئیرادەی سەركەوتن"، یەكشەمی رابردوو بۆ پاككردنەوەی ناوچە دوورەدەستەكانی سێ پارێزگای عێراق دەستی پێ كرد تا دەگاتە سنوورەكانی سووریا.

شارەزایان و شرۆڤەكارانی دۆخی تەناهی عێراق تەواو نیگەرانن لە گەڕانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش، هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی هەفتەی رابردوو لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی ئاشكرای كرد كە رێكخراوی داعش توانی ئەوەی ئەبو بەكر بەغدادی، سەركردەی رێكخراوەكە لە دوا دەركەوتنی رای بگەیەنێت، جێبەجێی بكات و جەنگی لاوازكردنی عێراق لە سێ قۆڵەوە دەست پێ بكات.

زیاتر گوتی، هەموو ئەو ئۆپراسیۆنانەی هێزە هاوبەشەكانی عێراق رایان گەیاندووە لە ئاستی پێویست نەبووە و بە پێچەوانەوە ئەوان كەتوونەتە ناو جەنگێكی لێچوون و لاوازكردن لەگەڵ داعش كە پارەیەكی زۆر خەرج كراوە و قوربانی زۆر دراوە، بێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكی گەورە بۆ لەناوبردنی شانەكانی رێكخراوەكە بەدەست بێت. 

ئاماژەی كرد، ئەوەی لە راگەیاندنەكان باس دەكرێت، دەری دەخات كە هێزە تەناهییەكان نەیانتوانیوە سەركەوتنی تەواو بەسەر داعش بەدەست بێنن، بەڵكو داعش توانوویەتی هێزەكانی عێراق رابكێشێتە ناو جەنگ لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی عێراق. 

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە ئەوەی بەغدادی لە دوا دەركەوتنی باسی كرد بە دەست پێكردنی جەنگی لاوازكردنی عێراق لە سێ قۆڵەوە، بە كردەنی ئەنجامی داوە و رێكخراوەكە توانوویەتی هێزی گەڕۆك و حەشارگە دابین بكات، بۆیە ئەو دۆخەی لە 2014 دووبارە گەڕاوەتەوە عێراق.

هاشمی ئاماژە دەكات كە زۆرینەی راپۆرتەكانی رۆژئاوایی كە باسی گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق دەكەن لەسەر چەند بنەمایەك بنیات نراون، لەوانە هۆكارەكانی لەپشت دەركەوتن و فرەوانخوازی داعش بوون لە 2014، كە ئێستە بە هەمان شێوە دەركەوتووەتەوە و رەنگە لەویش خراپتر، چونكە شرۆڤەكردنی ئەو پرسە پشت بێزاری خەڵكی ئەو ناوچانە و هەلەكانی دەركەوتنەوەی ریبَكخراوەكە دەبەستێت، واتە لە ناوچە ئازادكراوەكان هەرچەند دۆخەكە خراپ بێت لە رووی ئابووری و تایفی و سیاسی خەڵكەكە، هەلی دەركەوتنەوەی ئەو رێكخراوانە زیاتر دەبێت، ئەمڕۆش گلەیی خەڵكەكە گەیشتووەتە ئاستێكی گەورە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئاوەدانكردنەوە و ئابووری و بێكاری و رێگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان، بۆیە هەلێكی گەورە لەبەردەم داعش هەیە بۆ دەركەوتنەوە.

ئەو شارەزایە ئاماژە دەكات، چەندان گرووپی ئەو رێكخراوە لە ناوچەكانی باكور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی عێراق هەن كە بە دوو شێواز دەجەنگن، شێوازی تۆڕەكان كە بە شەڕی بچووك ناو دەبرێت، هەروەها شێوازی هێزی گەڕۆكی تاك تاكە كە مەترسی گەورەترە بەوەی زوو ئاشكرا نابێت و كۆنترۆڵی زەحمەتە، بۆیە زۆرینەی زانیارییەكانی ئەو راپۆرتانە راستن. و هەلی دەركەوتنەوەی داعش هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل