پڕۆژەی بە تیرۆریست هەژماركردنی سوپای پاسداران دەدرێتە كۆنگرێس

:: AM:11:01:12/01/2017 ‌

هەریەك لە تێد كرووز و جیم ئینهاف كە دوو سێناتۆری كۆماریخوازن لەگەڵ مەك كال كە نوێنەری كۆماریخوازانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، كۆمەڵێك پڕۆژەیان داوەتە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریكا و داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان كردووە سوپای پاسداران بخاتە نێو لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان.

لە ماڵپەڕی تێد كرووزیشدا باس لەوە كراوە كە ئەم سێناتۆرە دوو پڕۆژەیاسای پێشكەش كردووە و مەبەست لەو پڕۆژانەش پاراستنی ئەمەریكییەكانە لە مەترسییە تیرۆریستییەكان و سنوورێك بۆ سوپای پاسدارانی و ئیخوان موسلمین دەستنیشان بكات كە ئامانجیان لەناوبردنی رۆژئاوایە.

ئەگەر ئەو دوو رێكخراوە بكەونە نێو لیستی تیرۆر، ئەوكات ئەمەریكا سەرچاوە دارایییەكانیان دەبڕێت و رێگری لە چالاكییەكانیان دەكات.

ئەوان ئاماژەیان بە قسەی خامنەیی كردووە كە رێككەوتنی ناوكی هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەوە ناهێنێت ئێران دەیەوێت چ سیاسەتێك رەچاو بكات و چۆن هەنگاو بنێت. جگەلەمە رەخنەیان لە ئۆباما گرتووە كە لەبەر رێككەوتنی ناوكی لە زۆر شت خۆی بواردووە.

هێشتا دیار نییە چ كاتێك كۆنگرێس ئەو پڕۆژانە تاوتوێ دەكات. ساڵانە لەو راپۆرتانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڵاویان دەكاتەوە ئێران بە گەورەترین پاڵپشتی تیرۆر هەژمار دەكات.

سەرچاوە/رادیوفردا


وشە - سلێمان تاشان