دەرماڵەی قوتابییان دەگەڕێتەوە

:: AM:10:49:17/07/2019 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كارمان كردووە بۆ ئەوەی دەرماڵەی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان بگەڕێندرێتەوە و بڕی ئەو پارەیەش دیاری كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تەمووز، ڕاهی رەهبەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەیەكمان ئامادە كردووە لە كابینەی نوێدا کە بەپێی ئەو پڕۆژەیە پێدانی دەرماڵە بە قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەست پێ دەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ نزیكەی 132 هەزار قوتابی بۆ هەر مانگێك.

ئاشكرای كرد، لیژنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستانەوە سیستەمی هەژماری بانكییان بۆ قوتابییان پێشنیار كردووە، كە قوتابییان دەتوانن لەماوەی خوێندنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان چەند پارەیان پێویست بوو لە بانك بە قەرز رایكێشن، دوای دوو ساڵ تا چوار ساڵ لەدوای دەرچوونیان پارەكە بگەڕێننەوە.

لەبارەی ئەو قوتابییانەی لە ماوەی شەش ساڵی تەنگەژەی دارایی هەرێمی كوردستان هیچ دەرماڵەیەكیان پێ نەدراوە كە قەرەبوو دەكرێنەوە یان نا گوتی، تا ئێستە ئەو بابەتە باس نەكراوە، بەڵام دەكرێت لە داهاتوو كاری لەسەر بكرێت.

لە هەرێمی كوردستان بەرلە تەنگژەی دارایی هەر قوتابییەكی زانكۆ و پەیمانگە مانگانە بە بڕی 40 هەزار دینار بۆ قوتابییانی ناوشار و 60 هەزار دینار بۆ قوتابییانی دەرەوەی شار خەرج دەكرا.



وشە - رامیار جەواد