ئەوانەی ماتۆڕسكیلیان دەدزی گیران

:: PM:12:53:17/07/2019 ‌
پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات دوای ئاگەداركردنەوەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی عەنكاوە بە بوونی دوو ڕووداوی دزینی ماتۆڕسكیل، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و توانی دوو تۆمەتبار بگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی تەمووز، باساك فەرەج رەحیم بەرپرسی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی عەنكاوە لە ڕێی سایتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كردووە، ئاگەدار كراینەوە بەبوونی دوو ڕووداوی جیا لە سنووری بنكەی پۆلیسی عەنكاوە ئێمەش دۆسیەی لێكۆڵینەوەمان بۆ ئەم دوو ڕووداوە كردەوە و دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە دوای وەرگرتنی زانیاری توانیمان ناسنامەی دوو تۆمەتبار بگرین.

ڕوون كراوەتەوە، تۆمەتبار "ا.ئـ.ع" تەمەن  17 ساڵ، هەڵسابوو بە دزینی دوو ماتۆڕسكیل لە گوندی لبنانی، تۆمەتبار بەندە بەپێی مادە 446 لە یاسای سزادانی عێراقی.

باس لەوەش كراوەتەوە، تۆمەتباری دووەم "ع.ش.ع" تەمەن 19 ساڵ، هەڵسابوو بە دزینی ماتۆڕی "بەدع" بە نزیكەیی چوار هەزار دۆلاری ئەمەریكی دەخەمڵێنرێت لە عەنكاوە، تۆمەتبار بەندە بەپێی مادە 446 لە یاسای سزادانی عێراقی.

دوێنێ‌ هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەماوەی ساڵی 2019 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و دەزگا پێوەندیدارەكانی تر ژمارەیەك لەشفرۆش لە هەولێر گیراون.

ڕوونی كردەوە كە ژمارەی ئەو لەشفرۆشانەی گیراون 11 كەسە. هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، تەنیا یەك لەشفرۆش لەوانە خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە و ئەوانەی تر عەرەب یان ئێرانین.




وشە - رامیار جەواد