پەرلەمانی عێراق مێوانداری ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكات

:: PM:08:31:20/07/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی چاودێریكردنی پڕۆگرامی حكوومەت لە پەرلەمانی عێراق داوای مێوانداریكردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كرد لە ناو پەرلەمان بۆ روونكردنەوەی میكانیزمی كاركردن و ئاشكراكردنی سستیان لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی كە رادەستیان كراوە. 

لە سەرەتای ئەمساڵدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی بە سەرپەرشتی خۆی دامەزراند، بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی چەندان پرسی گەندەڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی تری نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق هەن، بەڵام سەرەڕای چەندان كۆبوونەوە تا ئێستە دەستی بۆ دۆسیە گەورەكان نەبردووە.

رائید فەهمی، ئەندامی لیژنەكە و سەركردە لە هاوپەیمانی "سیائیروون" ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، وەك لیژنەی چاودێری كارنامەی حكوومەت داوای مێوانداریكردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەكەمان كردووە و چاوەڕوانی دیاریكردنی وادەی مێوانداریكردنەكەین، ئەوەش بۆ مەبەستی زانینی پلان و پڕۆگرامی ئەوان لە پرۆسەی نەهێشتنی گەندەڵیدا.

زیاتر گوتی، هەروەها ئاشنای كاری ئەوان دەبین لەبارەی ئەو دۆسیانەی گەندەڵی كە پێیان دراوە و ئەوانەشی پێیان دەدرێت و تێبینییەكانی لیژنەكەیان پێ رادەگەیەنین، بەڵام تا ئێستە وادەی مێوانداریكردنەكە دیاری نەكراوە، وەك هاوپەیمانی "سائیروون"، چەندان دۆسیەی گەندەڵیمان داوەتە لیژنەكە، ئەو مێواندارییەش لە لایەن لیژنەی چاودێری كارنامەی حكوومەتەوەیە.

فەهمی روونی كردەوە، وەك "سائیروون"، چەندان دۆسیەی گەندەڵیمان داوەتە ئەنجوومەنەكە و چەندیتریشی رادەست دەكەین، وەك زانیاریمان هەیە ئەنجوومەنەكە سەرقاڵی جووڵاندنەوەی چەند دۆسیەكی گەورەی گەندەڵییە، ئێمەش دەمانەوێ بزانینی بەربەستی بەردەم كارەكانیان چین.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، یەكێك لەبەربەستەكانی بەردەم سستی كاری ئەنجوومەنەكە ئەوەیە كە فرەدامەزراوەیی نەهێشتنی گەندەڵی هەیە كە دۆسیەكان لە نێوان ئەوانە دابەش بوونە، هەروەها بەشێك لە دۆسیەكان گەورەن و دوودڵی هەیە لە جووڵاندنەوەی بەهۆی كاردانەوەكانی كە گوشاری سیاسی راسیتەوخۆ و ناراستەوخۆ هەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل