بەریتانیا: تاوتوێی وڵامدانەوەی ئێران دەكەین

:: PM:07:35:21/07/2019 ‌

تۆبیاس ئیلوود، وەزیری بەرگری بەریتانیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی سەرقاڵی تاوتوێكردنی زنجیرەیەك بژارەیە بۆ وڵامدانەوەی ئێران لە بەرانبەر دەستگرتنی بەسەر كەشتی "ستینا ئیمبرۆ" لە ئاوی كەنداو.

ئەو بەرپرسەی بەرتانیا لەبارەی ئەگەری سزادانی ئێران لەلایەن وڵاتەكەیەوە رای گەیاند، گرنگی لەپێشینە ئەوەیە كە دڵنیابینەوە بەوەی چارەسەرێكمان بۆ كێشەی ئەو كەشتییەی هەیە كە ئێستە گیراوە، هەروەها دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی كەشتییەكانی تر كە ئاڵای بەریتانیایان لەسەرە لە كەنداو، ئەوكات سەیری وێنەكە دەكەین بە شێوەیەكی گشتی. 

وەزیری بەرگری بەریتانیا ئەو بژارانەی دیاری نەكرد كە وڵاتەكەی تاوتوێیان دەكات بۆ وڵامدانەوەی ئێران و تەنیا گوتی، چاو بە زنجیرە بژارەكان دەخشێنین.

دوای ئەوەی هەینی رابردوو ئێران دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی بەریتانی لە ئاوی كەنداو راگەیاند، ئەمڕۆ دووپاتی كردەوە كە هەموو تیمی كەشتیوانی كەشتی "ستینا ئیمپیرو"، كە ئاڵای بەریتانیای هەڵگرتووە لە دۆخێكی باشن.

موراد عەفیفیپوور، سەرۆكی دەستەی بەندەر و رێكخراوی دەریاوانی ئێران كەرتی گەرووی هورمز لە دیدارێكی "پرێس تیڤی"ی ئێرانی  گوتی، هەموو ئەندامانی تیمی كەشتیوانی كەشتییەكە كە ژمارەیان 23 كەسن لە دۆخێكی باشدان و ئەوان لە بەندەری "بەندەر عەباسن"، دووپاتی كردەوە كە ئازادكردنیان دەوەستێتە سەر هاریكاری تیمەكە و گەیشتنمان بە بەڵگەی پێویست بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل