نەخۆشێك بە گولـلەلێدان سوپاسی پزیشكەكەی دەكات

:: PM:03:11:16/10/2016 ‌

دوای ئەوەی پزیشكێك بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك چاودێریی نەخۆشێكی كرد، بە ئەنجامدانی پشكنینی بەردەوام و پێدانی رەچەتە و دیاریكردنی دەرمان بۆی، لە ئەنجامدا نەخۆشەكە بە كوشتن پاداشتی پزیشكەكەی دایەوە.

رۆژی 11ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەمی 2016، نەخۆشێكی تەمەن 28 ساڵ، دوای ئەوەی لە یەكێك لە كلینیكە پزیشكییەكانی شاری نوریسكی سەر بە هەرێمی كراسنویارسكی وڵاتی رووسیا، لەگەڵ ئەو پزیشكەی كە ماوەی ساڵ و نیوێك بوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەكرد، دەبێتە دەمەقاڵەیان لەسەر ئەو دەرمانانەی پزیشكەكە بۆی دەنووسێت، بە خێرایی دەچێتە دەرەوەی نەخۆشخانەكە و دواتر بە دەمانچەیەكەوە دەگەڕێتەوە و بە بەرچاوی سەردانكەرانی نەخۆشخانەكەوە، تەقە لە پزیشكەكە دەكات، دوای چەند رۆژێكیش مانەوەی بە بێهۆشی، لە ئەنجامدا پزیشكەكە گیان لە دەست دەدات.

دوای ماوەیەكی كەم لە رووداوەكە، پۆلیسی ئەو شارە توانی تۆمەتبارەكە لە ئەپارتمانی یەكێك لە هاوڕێكانی بدۆزێتەوە و بیگرێت، دوابەدوای گرتنیشی پشكنینی عەقڵیی بۆ ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی بزانرێت لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە هیچ كێشەیەكی دەروونی و عەقڵی هەبووە یاخود نا.

لەبارەی رووداوەكەشەوە، فادیم یانین وەزیری تەندروستیی هەرێمەكە، تەنیا رای گەیاندووە، كۆمەڵگەی پزیشكی دڵگرانە بەو رووداوە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی پزیشكەكە كردووە.

سەرچاوە: rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی