ئەنجوومەنی ڕاژە دادەمەزرێت و میلاكی فەرمانبەران پێداچوونەوەی بۆ دەكرێ‌

:: PM:04:22:11/08/2019 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی لیژنەیەكەوە كار بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنی ڕاژەی فەرمانبەران دەكات و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ئەو ئەنجوومەنە كار لەسەر ڕێكخستنەوەی میلاك و كاری فەرمانبەرێتی لە كوردستان دەكات و بەشێكە لە چاكسازی.

بەشێكی زۆری بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت كراوە بە چاكسازی لە سێكتەری گشتیی و وەزیفەی گشتیی، حكوومەت ئێستە سەرقاڵی دانانی ئەنجوومەنی ڕاژەیە وەك بەشێك لە پڕۆژە چاكسازییەكەی. جەلال محەمەد ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە پلەی وەزیفی كوردستان نادادی هەیە و زۆرجار بەبێ‌ بینینی وەزیفە پلە بە بەفەرمانبەران دراوە، یەكێك لە ئەركەكانی ئەنجوومەنی ڕاژە كاركردنە لەسەر نەهێشتنی ئەو نادادییە.

ڕوونیشی كردەوە، سەرەتای كارەكانی ئەنجوومەنی ڕاژە پێداچوونەوەیە بە میلاكی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان و هەنگاوێكی گرنگە بۆ پڕۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان.

ئەنجوومەنی ڕاژە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2011ەوە لەپەرلەمانی كوردستان باسی لێوەكراوە، بەڵام نەكەوتووەتە بواری جێبەجێ‌ كردن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم