پشكنینی پێشوەختە باشترین چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمكە

:: PM:05:28:14/08/2019 ‌
دكتۆر هەڵوان عەبدولڕەحمان پزیشكی نەشتەرگەریی گشتی و پسپۆڕی شێرپەنجەی مەمك، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" باس لە  شێرپەنجەی مەمك و نیشانەكانی و هۆكار و چارەسەرییەكان دەكات. هاوكات داوا لە ژنان دەكات پشكنینی پێشوەختە بكەن بۆ دەستنیشانكردنی زووتری نەخۆشییەكە بەمەبەستی زوو چارەسەركردنی ئەو جۆرەی شێرپەنجە.

بەپێ گوتەی ئەو پزیشكە، شێرپەنجەی مەمك وەك هەموو شێرپەنجەكانی تر بریتییە لە زیادە گەشەی خانەكانی ناو مەمك. گرێی مەمك دوو جۆرە، جۆری یەكەم گرێی سادەیە و جۆری دووەم گرێی شێرپەنجەییە. نەخۆشییەكی كوشندەیە، ئەگەر نەخۆش زوو نەچێت بە دەم چارەسەركردنییەوە.

دكتۆر هەڵوان تیشك دەخاتە سەر نیشانەكانی شێرپەنجەی مەمك و دەڵێت، كاتێك نەخۆش دێت بۆ لای ئێمە هەست دەكات گرێیەكی هەیە، بەڵام هەموو گرێكان شێرپەنجەیی نین، لە دوای پشكنین بۆمان دەردەكەوێت گرێكەی شێرپەنجەییە یان گرێیەكی ئاساییە. نیشانەكانیشی بریتین لە:
1- گۆڕانی شێوەی مەمك كە شێوەكەی خوار دەبێت یان شل دەبێتەوە.
2- دروستبوونی برین لەسەر مەمك
3- مەمك دەرداوێكی خوێنی دەردەكات.
4- هەندێك جار مەمكی نەخۆش هیچی نییە، بەڵام برین لە بنباڵی دروست دەبێت.

هۆكارەكانی نەخۆشییەكە دیاری نەكراون و ئەو پزیشكە دەڵێت، تا ئێستە كەس نازانێ هۆكارەكەی چییە، چونكە 100٪ هۆكارەكانی شێرپەنجەی مەمك دەستنیشان نەكراون، فرە هۆكاریش هەن كە دەتوانین بڵێین ئەمانە یارمەتیدەری ئەو جۆرە شێرپەنجەن:
1- رەگەزی مێ.
2- تەمەن، تا تەمەن درێژتر بێت شێرپەنجەی مەمك زیاتر دەبێت، تووشبوونی ژنانی 70 ساڵە ئەگەریان زیاترە لە ژنێكی 20 ساڵە.
3- ئەو ژنانەی شیر نادەن بە منداڵەكانیان زیاتر تووش دەبن.
4- ئەو ژنانەی منداڵیان نابێت ئەگەری ڕێژەی تووشبوونیان زۆرترە.
5- ئەو كچانەی زوو دەكەونە سوڕی مانگانە و لە تەمەنی گەورەیشیاندا درەنگ سوڕی مانگانەیان دەوەستێت.
6- ئەو ژنانەی منداڵی یەكەمیان لە دوای تەمەنی 30 ساڵی دەبێت ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
7- ئەو ژنانەی حەبی ڕێگری لە منداڵبوون (مەنع) بە ئاستێكی زۆر بەكار دێنن.
8- هۆكاری بۆماوەیی، ئەویش دوو جۆرە، جۆرێكیان ئەگەر لە خێزانەكەیدا تووشبووی شێرپەنجە هەبێ ئەوا ئەگەری تووشبوونی دوو هێندەیە، ئەگەر لە كەسە پلەیەكەكانی وەك خوشك و دایكی كەسانی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمك هەبوو، ئەگەری تووشبوونی ئەو دەبێتە سێ هێندە.
9- جینات كە هەندێك جار كێشە لە هۆرمۆنەكان هەبوو، ئەوا 60-80٪ ئەگەری تووشبوونی شێرپەنجەی مەمكی هەیە.
10- وەرزش نەكردن و كێشی زیادە.
تەنیا ژنان تووشی ئەم نەخۆشییە نابن و وەك ئەو پزیشكە روونی كردەوە، پیاویش تووشی شێرپەنجەی مەمك دەبن، بەڵام بە ڕێژەیەكی زۆر كەمتر لە ژنان، ژنان زیاتر تووش دەبن بەهۆی زۆر لەو هۆكارانەی كە پێوەندیی بە ژنانەوە هەیە وەك شیرنەدان و درەنگ منداڵ خستنەوە.

زیاتر گوتی حاڵەتیش هەبووە دایكەكە منداڵی زۆر هەبووە و شیریشی پێ داون و كەسی تووشبووش لە خێزانەكەیدا نەبووە، بەڵام ئەو تووشی شێرپەنجە بووە و مەمكیان بڕیوەتەوە. هاوكات نەخۆش هەیە حەوت هۆكاری سەرەوەی  تێدایە و تووشی نەخۆشییەكەش نەبووە.

دكتۆر هەڵوان لەبارەی چارەسەرییەكان ئەوە دەخاتە ڕوو كە دوو جۆرن، جۆرێكیان بنچینەیی و سەرەكین و جۆرێكی تریان لاوەكییە، جۆرە سەرەكییەكە خۆی دەبینێتەوە لە زنجیرە چارەسەرێك كە هەموویان بەیەكەوە چارەسەر دەبن.
1- نەشتەرگەری، چارەسەر بە نەشتەرگەریی دوو نەشتەرگەرییە كە جۆرێكیان بۆ مەمكەكەیە و جۆرەكەی تر بۆ بنباڵە.
2-دەرمان "دەرمانی كیمیایی، دەرمانی هۆڕمۆنی و دەرمانی بایۆلۆجی"، نەخۆش هەیە دەرمان وەردەگرێت، بەڵام كیمیایی نییە و هۆڕمۆنییە یان بایۆلۆجییە.
3-  چارەسەر بە تیشك.

هەندێك جار دوو جۆریان وەك چارەسەر بۆ نەخۆش بەكار دێنین، بەڵام چارەسەری بنچینەیین و دەبێ هەر بكرێن، چونكە نەشتەرگەری 40٪ و دەرمان 40٪ و تیشكیش 20٪ كاریگەری دەبێت.

سێ چارەسەری لاوەكیش هەن كە بنەڕەتی نین وەك چارەسەری سروشتی، دەروونی، نەشتەرگەری جوانكاری، چونكە ڕەنگە ژنەكە مەمكی بڕابێتەوە یان بەشێكی بۆ لابرابێت یاخۆ لار كرابێت، ئەمەش ببێتە گرفت لای ژن، بۆیە نەشتەرگەری جوانكاری دەكات، یان مەمكی دەستكرد هەیە و دایدەنێت، بەڵام ئەم چارەسەرە لاوەكییە ئەگەر نەشكرێن كاریگەری لەسەر تەندروستی نەخۆشەكە ناكات.  

"تا ساڵی شەستەكان لە هەموو دنیادا چارەسەر لابردنی مەمك بوو، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە تیشك هات، لابردنی مەمكیش كەم بووەوە، ئێستە لە 10 ژن حەوتیان پێویستیان بە مەمك بڕینەوە نییە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژنان ئێستە هۆشیارترن و گرێیەكیان هەبێ زوو دێن بۆ پشكنین، ئەگەر گرێی شێرپەنجەیی بوو ئەوا زوو فریای چارەسەر دەكەوین، ئەگەر نەخۆش زووتر بێت كەمتر لە مەمكەكەی لا دەبەین و تا درەنگتریش بێت ئەوا زۆرتری لادەبەین". دكتۆر هەڵوان وای گوت.

ئەو پزیشكە داوا لە ژنان دەكات هەوڵ بدەن منداڵیان زۆر ببێت و شیری خۆیان بدەن بە منداڵەكانیان، خواردنی تەندروست بخۆن و وەرزش بكەن، سەوزە و میوە زیاتر بخۆن وەك لە خواردنی گۆشت، بەكارهێنانی حەبی مەنع كەم بكەنەوە، ئەگەر گرێیەك دروست بوو زوو بچن بۆ لای پزیشك، هاوكات پێویست بە ترس ناكات چونكە هەموو گرێیەگ شێرپەنجەیی نییە.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە گرنگترین ڕێگری بۆ ئەم نەخۆشییە پشكنینی پێشوەختەیە، پشكنینەكەیش دەبێت لە دوای تەمەنی 15 ساڵییەوە هەموو كچ و ژنێك بیكەن و دەتوانی لە ماڵەوە بە دەستی خۆت پشكنین بكەیت، لە تەمەنی 30 ساڵ بۆ سەرەوە پێویستە هەموو ژنێك سێ ساڵ جارێك بچێتە لای پزیشكێكی پسپۆڕ، لە سەرووی 40 ساڵییەوە دەبێت هەموو ساڵێك بچیتە لای پزیشك و پشكنینی مۆمۆگرافی بۆ بكرێت.
لەبارەی ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمك، ئەو پزیشكە گوتی "ڕێژەكە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كەمێك زیادی كردووە، بەڵام ڕێژەكە ئەوەندە زۆر نییە كە باس دەكرێت".

وشە/ سلێمانی– ئاریان محەمەد



وشە - تایبه‌ت