بۆ یەكەم جار رێ بە ژنانی ئێران دەدرێ بچنە یاریگا

:: AM:11:23:21/08/2019 ‌

ژنانی ئێران دەمێكە خەون بەوە دەبینن بتوانن ئازادانە بچنە یاریگا و لانی كەم لە پاڵەوانیەتییە گرینگەكان رێیان پێ بدرێت هانی هەڵبژاردەی نیشتمانی وڵاتەكەیان بدەن.

محەمەد رەزا داوەرزەنی جێگری وەزیری وەرزشی ئێران ئاشكرای كرد، هەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ ئەوەی ژنان لە یاریگای وەرزشیدا ئامادە بن و لەوانەیە یەكەم بەشداری ژنان بینینی یەكەم یاری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران بێت.

فیفا تا ماوەیەكی كەم رێی بە ئێران داوە لە پرسی بەشداریكردنی ژنان لە یاریگاكان خۆی یەكلا بكاتەوە و بەرپرسەكەی ئێرانیش گوتوویەتی تاكە یاریگا كە بۆ ئەوە دەشێت ژنان بتوانن بۆ بینینی یاری سوودی لێ وەربگرن، یاریگای ئازادی تارانە.

بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی كراوە بە هیچ شێوەیەك كچ و كوڕ لە ناو یاریگا تێكەڵ بە یەكتر نابن و شوێنی تایبەت بە ژنان دەستنیشان كراوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" دوو رۆژ لەمەوبەر عەلی رەبیعی گوتەبێژی حكوومەتی ئێرانیش باسی لەوە كردبوو كە ژنان بۆیان هەیە لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەكان بێنە یاریگا.

سكرتێری گشتی فیفاش داوای لە ئێران كردبوو رێ بە ژنان بدات لە پاڵەوانیەتی تۆپی پێی ئاسیا بەشدارییان پێ بكرێت.



وشە - سلێمان تاشان