داعش مەترسی لەسەر مەخموور دروست كردووە

:: PM:12:53:24/08/2019 ‌
بەرپرسێك ئاشكرای دەكات كە داعش لە سنوورەكەیان سەرقاڵی خۆ ڕێكخستنەوەیە و مەترسی لەسەر شارۆكەی مەخموور دروست كردووە و بەشێوەی گرووپ گرووپ دەبینرێن.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئاب، دیار بڵباس كارگێری لقی 23تی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری مەخموور بە "وشە"تی ڕاگەیاند، چەكدارانی داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیان لەسەر شارۆكەی مەخموور دروست كردووە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، چەكدارانی داعش ئێستە بەشێوەی چواری و پێنج كەسی دەبینرێن و لە سنوورەكە جموجووڵیان هەیە و سەرقاڵی خۆ ڕێكخستنەوەن و باج و سەرانە وەردەگرن و مۆڵگە دروست دەكەن و پێداویستی بۆ خۆیان دابین دەكەن.

باسی لەوەش كرد، لە دیوی سنووری قەرەچووغ بۆ مەخموور كەڵكیان وەرگرتووە و لەو شوێنە سوپای عێراقی لێیە و بە ئاشكرا جووڵە دەكەن، بۆیە پێویستە دۆخەكە بەهەند وەربگیرێت و ئەو مەترسییە بزانرێت.

دوای كۆتاهاتنی داعش ئێستە لە سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بە ئاشكرا جموجووڵی داعش دەبینرێت و ڕۆژانە هێرش دەكەنە سەر ناوەندەكانی سوپای عێراق.



وشە - رامیار جەواد