لە كوردستان تۆڕی زانیاری تەندروستی جیهانی رادەگەیەنرێت

:: PM:01:08:08/09/2019 ‌

لە هەرێمی كوردستان یەكەم تۆڕی زانیاری تەندروستی جیهانی رادەگەیەنرێت كە قۆناغ بە قۆناغ چالاكییەكانی بەرفراوان دەبێت، لە كوردستانەوە دەست پێ دەكات و دواتر رووماڵی زانیاری تەندروستی 29 وڵاتی دنیا دەكات. تۆڕەكە ئەمڕۆ یەكشەم سەعات پێنجی ئێوارە لە هوتێل شیراتۆنی هەولێر رادەگەیەنرێت.

كاوە جەم بەڕێوەبەری تۆڕی زانیاری تەندروستی جیهانی "های حەكیم" HiHAKIM بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە رێوڕەسمەكە بە وتاری وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەریمی كوردستان دەست پێ دەكات، دواتر دوو پانێلی جیاواز لەسەر پرسەكانی كەرتی پێشخستنی دەرمان و كەرتی گەشتیاری تەندروستی بەڕێوە دەچێت.

 ئەو روونی کردەوە پڕۆژەكەیان پڕۆژەیەكی تایبەتییە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەریمی كوردستانیشەوە پاڵپشتی دەكرێت كە كۆمەڵێك وێب سایت و تۆڕی كۆمەڵایەتی چالاكی هەیە و بە پێنج زمان زانیاری و خزمەتگوزارییەكانی بڵاو دەكاتەوە.

پڕۆژەكە دوو ساڵە كاری لەسەر دەكرێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ 29 وڵاتی دنیا هەیە. وەك جەم خستیەڕوو سەرەتا لە كوردستانەوە رووماڵی زانیاری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دەكات و دوای مانگێك لە سەرانسەری عێراق خزمەتگوزاری پێشكەش دەكات و دواتر قۆناغ بە قۆناغ لە ئێران و ئوردن و هیندستان و سەرجەم وڵاتەكانی تر تۆڕەكە سوودی لێ وەردەگیرێت.

پێویستە بگوترێت ئەو تۆڕە زانیارییە جگە لە بڵاوكردنەوەی دواین زانیاری تەندروستی و بواری دەرمان و چارەسەری، رۆڵی دەبێت لە هێنانی گەشتیاری تەندروستی بۆ هەریمی كوردستان. بۆ نموونە نەخۆشێك لە شارێكی تر پێویستی بە پزیشكی پسپۆڕی جومگە هەبێت، سەرجەم زانیارییە پێوەندیدارەكان بە پزیشكەكە و رێكاری گەیاندنی نەخۆش بە پزیشكەكە دەخاتەڕوو.

بەگوتەی بەڕێوەبەری تۆڕەكە ئەم پڕۆژەیە هەلی نوێی كاری دروست دەكات و دوای دوو ساڵ لە كاركردن هەلی كار بۆ 750 كەس دابین دەكات.



وشە - سلێمان تاشان