ناو تۆمارکردن لە زانکۆلاین دەستی پێ کرد

:: PM:01:46:10/09/2019 ‌
بەشێوەیەكی فەرمی كاراكردنی زانكۆلاین ڕاگەیەندرا و ئێستە قوتابییان دەتاوانن فۆڕم پڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی ناویان بۆ كۆلێژی خوازراو بنووسن.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی ئەیلوول، خەتاب شێخانی سەرۆكی لیژنەی باڵای وەرگرتن لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنرگەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەمڕۆ سەعات پێنجی ئێوارە سیستمی زانكۆلاین دەكەوێتە كار و دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەتوانن سودی لێ ببینن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ خوێندنی ئێواران ئەمساڵ زیاتر لە 11 هەزار كورسی ئامادەیە و زانكۆ حكوومیەكانیش 46 هەزار كورسی خوێندنیان هەیە و لەزانكۆ تایبەتەكانیش 23 هەزار كورسی خوێندن بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دابین كراوە.

سەرۆكی لیژنەی باڵای وەرگرتن لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دووپاتی دەکاتەوە، كۆی پلانی وەرگرتن بۆ ئەمساڵ 70 هەزار كورسی خوێندن لە ساڵی خوێندنی 2019 ـ 2020، لەكاتێكدایە ناوی 51 هەزار دەرچووی 12ی ئامادەیی لە پەروەردەوە گەیشتۆتە خوێندنی باڵا كە لەو ڕێژەیە 36 هەزاریان زانستی و 15 هەزار وێژەیین.

بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی زانكۆڵاین كلیك لێرە بكە.



وشە - رامیار جەواد