رێژەی بارانبارین نزیكەی نیوەی ساڵی پارە

:: PM:07:00:18/01/2017 ‌

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بەراوردی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و ساڵی پاری بڵاو كردەوە و بەپێی بەراوردكردنەكە، ئەمساڵ تا ئێستە نیوەی ئاستی پارساڵ باران لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نەباریووە.

بەپێی راگەیەندراوێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كراوەتەوە تێیدا هاتووە، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رێژەی بارانبارین تا ئێستە نەگەیشتووەتە رێژەی ساڵی پار بە جۆرێك لە پارێزگای هەولێر لە ساڵی پاردا تا 18ی كانوونی دووەم (492.5)ملم باران باری بوو، بەڵام لەم ساڵدا تا ئێستە (138.6) ملم باران باریووە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە پارێزگای سلێمانی ساڵی پار (860.9)ملم باران باریووە، بەڵام لەم ساڵدا (221.1)ملم و لەكەركووك (423.2)ملم  و لەم ساڵدا (107.9)ملم باران باریووە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، ساڵی پار لە دهۆك (615.4) ملم باران هەبووە، بەڵام لەم ساڵدا(135.1)ملم باران باریووە و لە پارێزگای هەڵەبجە ساڵی پار (754) ملم باران باریووە، بەڵام لەم ساڵدا تا ئێستە تەنیا(126) ملم باران باریووە.

هاوكات بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان سبەینی پێنجشەم لە ژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی توركیا دەمێنێتەوە و لە هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، بەرزترین پلەی گەرما 16 پلە و نزمترین پلەش 16 پلەی سیلیزی دەبێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم