فرەنسا كورسی خوێندن بۆ قوتابییانی كوردستان دابین دەكات

:: PM:02:51:12/09/2019 ‌
خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و باڵیۆزخانەی فرەنسا لە عێراق ڕێكەوتنێك ئەنجام دەدەن و بەپێی ڕێكەوتنەكە كە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت، حكوومەتی فرەنسا بە هاوكاری وەزارەت، كورسی خوێندنی باڵا، ماستەر و دكتۆرا و خولی ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا دابین دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئەیلوول، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و باڵیۆزخانەی فرەنسا لە عێراق واژوو كرا.

ڕوون كراوەتەوە، ئەو ڕێكەوتنە دەرفەتی خوێندن فەراهەم دەكات بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان لەناو سیستمی خوێندنی فرەنسا.

ئۆلیڤێ دیكۆتێنێز كونسوڵی گشتی فرەنسا لە هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە،  لە ڕابردودا پرۆژە هاوبەشەكانمان لە سەرجەم سێكتەرەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتنی بەدەست هێناوە، بۆ ئێمە گرنگە پەرۆشی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەكە.

ئاشكرا كراوە، پێشكەشكردنی بەرنامەكان لە 30/11/2019 دەست پێ دەكات و مەرج و ڕێنوێنییەكان بۆ هەریەك لە جۆرەكانی خوێندن دەستنیشان دەكرێت و دواتریش هەڵبژاردنی كاندیدەكان لە ڕێگەی لیژنەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەئەندامییەتی نوێنەرێك لە باڵیۆزخانەی فرەنسا لە بەغداد ئەنجامدەدرێت.




وشە - رامیار جەواد