سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان: كار بۆ سەرخستنی چاكسازی دەكەین

:: PM:03:38:15/09/2019 ‌
لە چوارچێوەی سەردانەكانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لەسەر كە ئامادەكاریی نووسینەوەی دەستوورێكی سەردەمیانە و گەلپەسەند لەسەر بنەمای هەبوونی كۆدەنگیی نیشتیمانی و رێزگرتن لە مافی سەرجەم پێكهاتەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسییەت، زەروورەتی قۆناغەكە كرایەوە.

هەر لەچوارچێوەی كۆبوونەوەكەدا پتەوكردنی هاوئاهەنگی لەنێوان سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ پشتیوانیكردنی دیالۆگێكی بنیادنەرانە لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان هەردوولا بەجۆرێك كە لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بێت و لەچوارچێوەی ئەو ماف و شایستانە بێت كە دەستووری ساڵی 2005 بەهەرێمی كوردستانی داوە، دووپات كرایەوە.

هەروەها باس لەوەش كرا كە بارودۆخی هەرێم و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە وادەخوازێت كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكاییەتییەكان بۆ دروستكردنی هاوئاهەنگی زیاتر ئەنجام بدرێت.

لەبارەی پرسی چاكسازیش هەردوولا هاوڕابوون لەسەرخستنی رێككارەكانی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی كە ڕەنگە بێنە سەر رێگای.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم