رێی نێوان قوشتەپە-قەشقە كەڵكی هاتوچۆی نەماوە

:: AM:09:31:18/09/2019 ‌

چەند ساڵێكە رێی نێوان قوشتەپە-قەشقە و لەوێشەوە بۆ پردێ، چاڵی گەورە گەورەی تێكەوتووە و ئێستە بە یەكجاری كەڵكی هاتوچۆی بڕاوە و تا دێت خراپتریش دەبێت. ئەو رێیە كە نزیكەی ٥٠ گوندی بەسەرەوەیە، هاواری لە دانیشتووانی هەستاندووە. بەڕێوەبەری گشتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێ، "رێیەكە قەرەباڵغی لەسەرە و پێویستە نۆژەن بكرێتەوە".

قوشتەپە /20 كم باشووری هەولێر/ لەسەر شەقامی سەرەكیی هەولێر- كەركووك هەڵكەوتووە، لە ناوەڕاستی قوشتەپەوە ڕووە ‌و خۆرهەڵات رێی قەشقەیە درێژ بووەتەوە، ئەو شەقامە نزیكەی ٥٠ گوندی بەسەرەوەیە و چەندان لقی لێ دەبێتەوە.

لە قوشتەپەوە بۆ قەشقە تەنیا ٣٥ كیلۆمەترە، بەڵام ئەو مەودایە ئەگەر بە یەك سەعاتیش بیبڕی چانست هەبووە، ئاخر كاتێك كانی بزرە تێدەپەڕێنی، رێیەكە بە جۆرێك خراپ بووە، لە زۆر شوێنی خۆڵەكەی تەنیشتی گەلێك لە شەقامەكە باشترە بۆ هاتوچۆكردن، هەندێك شوێنی قیرەكەی بستێك بەرز بووەتەوە و دەرچوونی خۆڵ و بەردی بن قیرەكەش چاڵی گەورەی دروست كردووە. 

هەڵتەكینی رێیەكە وا پیشان دەدات شوێنەواری رێیەكی لە مێژینەی چەند سەد هەزار ساڵەیە و بەڵگەی بوونی ژیان لەو ناوچەیە بێت، ئێستە كوێر بووەتەوە، بەڵام تەپوتۆزی دوای ئۆتۆمبێلی بەردەوامی ڕێبواران، هەرزوو لەو خەیاڵە دوورت دەخاتەوە، زۆربەی كاتەكانی ڕۆژ تۆزی ئەو شوێنە لە هەوادا باڵەفڕەیانە و لەسەر ڕووی ڕێبوارانی بێزار لە رێیەكە دەنیشنەوە.

ئیسماعیل تەها یەك لەوانەی بەردەوام تاڵاوی ئەو رێیەی بەقورگدا دەچێتە خوارەوە، ئەو بەهۆی سەردانی كەسوكار و ڕەز و كشتوكاڵەوە بەردەوام بەو رێیەدا هاتوچۆ دەكات بۆ قەشقە. وەك خۆی باسی دەكات هەر كاتێك ئەو رێیە دەگرێتە بەر لەرزوتا دەیگرێت، كە ئۆتۆمبێلی نزم هیچ، هەندێك شوێنی بنی ئۆتۆمبێلی بەرزیش لێی دەدات.

جیا لە هەڵتەكاندنی ئۆتۆمبێل، خراپی رێیەكە مەترسی بۆ سەر گیانی دانیشتووانی زۆر لە گوندەكانی ناوچەكە دروست كردووە، بەوەی نەخۆشخانەیان نییە و لە ئەگەری نەخۆشیدا رێی گەیاندن زۆر ئەستەمە. ڕەسووڵ مستەفا كە ماڵی لە گوندی لوركەی سەر ئەو رێیەیە، بە"وشە" دەڵێ "ژیانمان نەماوە بەهۆی خراپی ئەو رێیە، جاران كە منداڵەكانمان بە 10 خولەك دەگەیاندە قوتابخانە، ئێستە بە نیو سەعات دەگەن".

مێژووی دروستكردنی رێیەكە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، هۆی خراپیشی بەو شێوەیە هی تەمەندرێژی نییە، بەڵكو بۆ هاتوچۆی بەردەوامی بارهەڵگرانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگەڕێتەوە كە بەر لە ساڵی ٢٠١٤ بەهۆی بوونی قەپان لەو رێیە، لەوێوە بۆ هەولێر و دهۆك دەڕۆیشتن، هەرچەندە خەڵكی ئەو ناوچانە چەند جارێك دەنگی ناڕازییان بەرز كردووەتەوە و شەقامیان گرتووە، بەڵام سەرباری چاڵەكانی، تا ئێستە رێیەكە لە هاویندا تۆزوخۆڵ و لە زستاندا قوڕاوە.

ئەو ناوچەیە كە لە بەهاردا سەرسەوز و دڵڕفێنە، هەڵكەوتە و سروشتەكەی گەشتیارانی كوردستان و بەتایبەت هەولێری بۆ خۆی كێش كردبوو، بەڵام رێیەكەی گەشتیارانی تۆراندووە و ئەوەی ئێستە جارێك سەردانی بكات، جارێكی تر ڕووی تێ ناكاتەوە، ڕەسووڵ لوركەیی دەڵێ "جاران گەشتیار زۆر دەهاتنە ئەو ناوچەیە، بەڵام ئێستە كەس نایەت".

ئەو چاڵ و چۆڵە لە كاتێكدایە بەپێی ڕێنوێنیی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە، لە بەرانبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری هاتوچۆ، لە كاتی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، بەناوی رێگەوبان و ژینگە، بۆ هەر ساڵێك بڕی ١٠ هەزار لە ئۆتۆمبێلی بچووك و ١٥ هەزار لە بارهەڵگەر وەردەگیرێت. 

دڵشاد عیمادەدین حەمەد بەڕێوەبەری گشتیی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، ئاگادارییان لە خراپی رێیەكە دەخاتەڕوو كە بەهۆی ئەوەی بارێكی قورسی لەسەر بووە، ‌تەواو كەڵكی نەماوە و چەند جارێك ئامێرەكانمان ناردووە بۆ ئەوەی هەندێك لە چاڵەكانی پڕ بكەنەوە، بەڵام تیمەكانمان لە توانایاندا نییە رێیەكە بە یەكجاری و تەواوی چاك بكەنەوە كە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكەكەیدا بێت.

بەڕێوەبەری گشتیی چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێ، رێیەكە قەرەباڵغی لەسەرە و بەدواداچوونمان بۆ كردووە و بە نووسراو داوایان كردووە بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی چاككردنەوەی، بەڵام تا ئێستە وەڵامیان نەدراوەتەوە. 

زیاتر دەڵێ "تا ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی رێیەكە نەدرێت، هیچمان بۆ ناكرێت، چونكە نۆژەنكردنەوەی تەواوەتی رێیەكە ڕەنگە سەرووی ملیارێك دیناری پێویست بێت".

وشە/ هەولێر. چواس خالید





وشە - وشه‌