به‌رپرسانى ته‌ناهى عێراق ترسناكترین ژنه تیرۆریستى داعش ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن چه‌كى كیمیایى به داعش داوه و رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراقیش ددانپێنانه‌كانى ئه‌و ژنه بڵاو ده‌كاته‌وه.
رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانى له نموونه‌ى داعش و قاعیده زۆر بایه‌خ به‌وه ده‌ده‌ن ژنان له كرده تیرۆریستییه‌كان به‌كار بهێنن، به‌تایبه‌تى داعش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك پانتاییه‌كى گه‌وره‌ى له عێراق و سووریا له به‌رده‌ستدا بوو، توانیویه‌تى له قاعیده زیاتر ژنان به‌كار بهێنێ و ئێسته‌یش ژماره‌یه‌كى زۆر ژنان له سووریا و عێراق له گرتووخانه‌كان كه له ته‌واوى جۆره‌كانى تیرۆر هاوكارى داعشیان كردووه.
له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوو، له راگه‌یاندن چه‌ندان جار باس له ترسناكترین ئه‌و ژنانه كراوه كه له ناو ریزى رێكخراوى تیرۆریستى داعش بوون، به‌ڵام شانه‌ى دژه تیرۆریستى عێراقى كه به "خلیه سقوڕ" ده‌ناسرێت و سه‌ر به وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقه ده‌ڵێ، ئێمه ترسناكترین ژنه تیرۆریستى داعش ده‌ناسین كه ئه‌وه‌یان چه‌كى كیمیایى به داعش داوه.
دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى چه‌ند زانیارییه‌كى گشتى له‌باره‌ى ئه‌و ژنه‌وه، رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراقى كه رۆژنامه‌یه‌كى فه‌رمى عێراقییه، چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له ددانپێنانه‌كانى ئه‌و ژنه بڵاو ده‌كاته‌وه و ده‌رى ده‌خات ئه‌و ژنه ترسناكترین ژنه تیرۆریست بووه، هه‌رچه‌نده نه‌یتوانیوه ئه‌و كرده تیرۆریستییانه جێبه‌جێ بكات كه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى داعش پلانى بۆ داڕشتوون.
ئه‌و ژنه ناوى "ئه‌بڕار"ه و نازناوى " كوبه‌یسى" به‌كار هێناوه. له ساڵى 1987 له به‌غدا له دایك بووه. وه‌ك له زانیارییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و له‌مێژه بیرۆكه‌ى كرده‌ى تیرۆریستى كه‌وتووه‌ته مێشك و به شێوازێكى تایبه‌ت خۆى بۆ ئاماده كردووه.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه به‌ر له‌وه‌ى پێوه‌ندى به داعش بكات، بیرۆكه‌ى تیرۆریستى له زه‌ینى ئه‌و ژنه هه‌بووه و سه‌ره‌تا ویستوویه‌تى خۆى به هێزه ته‌ناهییه‌كانى عێراق بته‌قێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش له سه‌روبه‌ندى شه‌ڕى تایفه‌گه‌رى عێراق بووه له ساڵانى 2006- 2007، به‌ڵام دواتر وازى له‌م بیرۆكه‌یه هێناوه و هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ى كه دواجار له رێى ئه‌و پێوه‌ندى به داعشه‌وه ده‌كات و گه‌وره‌ترین پیلانى تیرۆریستى داده‌نێت.
ئه‌بڕار ویستوویه‌تى به ته‌نیا ماده‌ى "ریسین" به‌رهه‌م بهێنێ، كه ماده‌یه‌كى ژه‌هراوییه و تواناى كوشتنى مرۆڤى هه‌یه. بۆ ئه‌مه‌یش پشتى به ئه‌زموونى خۆى به‌ستووه چونكه وه‌ك توێژه‌رێكى كیمیاناس له به‌شی بایۆلۆجى و كیمیاى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراق ساڵانێكى زۆر كارى كردووه.
جگه له‌مه‌یش له‌ماڵه‌وه تاقیگه‌یه‌كى بچووكى بۆ خۆى داناوه تا ئه‌و ماده‌یه ئاماده بكات.
ئه‌بڕارى تیرۆریست له ساڵى 2010 ده‌ستى به‌و تاقیكردنه‌وانه كردووه، ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆریستى داعش دابمه‌زرێت. ئه‌و كاته‌ى داعش داده‌مه‌زرێت و چه‌ندان ناوچه‌ى عێراق داگیر ده‌كات. ئه‌و ژنه له رێى خزمێكیه‌وه پێوه‌ندى به داعش ده‌كات و دواتریش ئه‌وان قبووڵى ده‌كه‌ن.
له ساڵى 2015 هاوپه‌یمانان باسیان له‌وه ده‌كرد، داعش چه‌كى كیمیایى به‌كار هێناوه. به‌ڵام ئه‌وه ئه‌و ژنه پیلانى بۆ داناوه ئه‌وه‌یان نه‌بووه، به‌ڵكو كاتێك ئه‌نجام ده‌درا گه‌وره‌ترین كرده‌ى تیرۆریستى ده‌بوو.
پلانه‌كه‌یش ئه‌وه بووه چه‌ند بۆمبێك له‌و شوێنانه دابنێن كه ماده‌كه‌ى له خۆ گرتووه بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین خه‌ڵك له به‌غدا بكوژێت. ئه‌بوعه‌لى به‌سرى به‌رپرسى دژه تیرۆر بۆ رۆژنامه‌كه باسى له‌وه كردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌م كرده تیرۆریستییه ئه‌نجام بدرایه، ئه‌وا گه‌وره‌ترین كرده ده‌بوو. بۆیه له‌و كاته‌ى زانیاری‌یان له باره‌ى كرده‌كه پێ ده‌گات سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و كاتى عێراق ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه ده‌ڵێ بۆمبه‌كان له شارۆكه‌ى قایمى سه‌ر سنوورى سووریا ئاماده ده‌كرێن و ئه‌بڕار سه‌رپه‌رشتى كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و ژنه بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆمبه‌كان راهێنانى به تیرۆریستانى داعش كردووه. به‌ڵام عێراق به هاوكارى هاوپه‌یمانان تیمێكى سیخوڕ‌ى ره‌وانه‌ى ناو داعش ده‌كه‌ن و بۆمبه‌كان به ماده‌ى تر پڕ ده‌كه‌نه‌وه.
ئامانجى سه‌ره‌كیش له‌و كاره ئه‌وه بووه، به‌هۆى ئه‌و بۆمبانه‌وه ئه‌و شوێنانه ده‌ستنیشان بكرێن كه ده‌كرێنه ئامانج و تیرۆریستى زیاتریش ئاشكرا بكرێن.
به‌مشێوه‌یه كرده‌كه پووچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه. به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاشكراى كردووه ئه‌م پرۆسه‌یه زیاتر له ساڵێكى خایاندووه و دواتریش ته‌واوى گرووپه تیرۆریستییه‌كه گیراون. دووپاتی ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانه سه‌رى بگرتایه، ئه‌وا به هه‌زاران كه‌س له یه‌ك كاتدا ده‌بوونه قوربانى.
زۆربه‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى رۆژنامه‌ى سه‌باح بڵاو كراونه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن ژنه تیرۆریسته‌كه خۆی و به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاشكرا كراون، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش كراوه، ئێسته ئه‌بڕار كوبه‌یسى ترسناكترین ژنه تیرۆریسته له گرتووخانه و له‌لایه‌ن دادگاوه بڕیارى زیندانى تاهه‌تایى بۆ ده‌رچووه.