بێ بەرانبەر پشكنینی شێرپەنجەی مەمك بۆ ژنان دەكرێت

:: PM:04:11:18/09/2019 ‌
ڕێكخراوێك لە سلێمانی لە ڕێی 30 ڕاهێنەرەوە پشكنینی پێش وەختەی شێرپەنجەی مەمك بۆ ژنانی سلێمانی دەكات و هەر ژنێكیش دەركەوێت نەخۆشییەكەی هەیە و پێویستی بە چارەسەر بێت و باری دارایی خراپ بێت، ئەوا بێ بەرانبەر چارەسەری بۆ دەكەن.

لوقمان عەبدوڵا بەرپرسی هۆشیاری تەندروستی لە رێكخراوی زاد بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێكخراوی زاد كار دەكات لە هاوكاریكردنی نەخۆشی كەمدەرامەت لە بواری نەشتەرگەری، لەپاڵ ئەمەشدا دەمانەوێت كە هۆشیاری تەندروستی بڵاو بكەینەوە لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك كە نەخۆشییەكی بەربڵاوە و ئێستە و ژنانیش هۆشیاری تەندروستییان كەمە.

زیاتر گوتی، لە ڕێی 30 ژنی ڕاهێنراوی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمك هەموو ڕۆژانی سێشەم لە سەعات دوو نیو تا پێنج لە سلێمانی كە دەكەوێتە گەڕەكی چوارپاخ لە تەلاری چوارباخ، بێ بەرانبەر پشكنین بۆ ژنان دەكەین و فێری پشكنینەكەیان دەكەین كە لە ماڵەوەش ئەنجامی بدەن، هۆشیاریشیان پێ دەدەین لەبارەی نەخۆشییەكە لە ڕێی نامیلكەیەكەوە.

"ئەگەر دەرچوو ژنەكە گرێیەكی هەیە، ئەوا ڕەوانەی پزیشكی پسپۆڕی دەكەین، ئەگەر ژنێك باری دارایی خراپ بوو ئەوا پشكنینی مۆمۆگرافی و سۆنار و تەنانەت نەشتەرگەریش دەگرینە ئەستۆ". لوقمان وای گوت.

شێرپەنجەی مەمك چییە؟ 
شێرپەنجەی مەمك وەك هەموو شێرپەنجەكانی تر بریتییە لە زیادە گەشەی خانەكانی ناو مەمك و گرێی مەمك دوو جۆرە جۆری یەكەم گرێی سادەیە و جۆری دووەم گرێی شێرپەنجەییەكانە، گەشەیەكی لەناو شانەكانی مەمكدا.

100٪ هۆكارەكانی شێرپەنجەی مەمك دەستنیشان نەكراوە، فرە هۆكارێكیش هەن كە دەتوانین بڵێین ئەمانە یارمەتیدەری هۆكارەكانی ئەو جۆرە شێرپەنجەن:

1- ڕەگەزی مێ
2- تەمەن، تا تەمەن درێژتر بێت شێرپەنجەی مەمك زیاتر دەبێت، دەتوانین بڵێین تووشبوونی ژنانی 70 ساڵە ئەگەریان زیاترە لە ژنێكی 20 ساڵە.
3- ئەو ژنانەی شیر نادەن بە منداڵەكانیان زیاتر تووش دەبن.
4- ئەو ژنانەی منداڵیان نابێت ئەگەری ڕێژەی تووشبوونیان زۆرترە.
5- ئەو كچانەی زوو دەكەونە سوڕی مانگانە و لە تەمەنی گەورەیشیاندا درەنگ سوڕی مانگانەیان دەوەستێت.
6- ئەو ژنانەی منداڵی یەكەمیان لە دوای تەمەنی 30 ساڵی دەبێت ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.
7-ئەو ژنانەی حەبی ڕێگری لە منداڵبوون (مەنع) بە ئاستێكی زۆر بەكار دەهێنن.
8-هۆكاری بۆماوەیی كە ئەویش دوو جۆرە، جۆرێكیان ئەگەر لە خێزانەكەیدا تووشبووی شێرپەنجە هەبێ، ئەوا ئەگەری تووشبوونی دوو هێندەیە، ئەگەر لە كەسە پلە یەكەكانی وەك خوشك و دایكی كەسانی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمك هەبوو، ئەگەری تووشبوونی ئەو دەبێتە سێ هێندە.
9- هۆكاری جینی كە هەندێك جار كێشە لە هۆرمۆنەكان هەبوو، ئەوا 60-80٪ ئەگەری تووشبوونی شێرپەنجەی مەمكی هەیە.
10-وەرزش نەكردن و كێشی زیادە.

چارەسەرییەكان بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك دوو جۆرە، جۆرێكیان بنچینەیی و سەرەكین و جۆرێكی تریان لاوەكییە، جۆرە سەرەكییەكەیان خۆی دەبینێتەوە لە زنجیرە چارەسەرێك كە هەموویان بەیەكەوە چارەسەر دەبێت:

 1- نەشتەرگەری، چارەسەر بە نەشتەرگەرییەكەش دوو نەشتەرگەرییە كە جۆرێكیان بۆ مەمكەكەیە و جۆرەكەی تر بۆ بنباڵە.
2- دەرمان (دەرمانی كیمیایی، دەرمانی هۆڕمۆنی و دەرمانی بایۆلۆجی) كە نەخۆش هەیە دەرمان وەردەگرێت، بەڵام كیمیایی نییە و هۆڕمۆنییە یاخۆ بایۆلۆجیە.
3- چارەسەر بە تیشك.

هەندێك جار پێش و دوا لە جۆری چارەسەرە بنچینەییەكاندا بۆ نەخۆشێك دەكەین و هەندێك جار دوو جۆریان وەك چارەسەر بۆ نەخۆشێك بەكاری دەهێنین، بەڵام چارەسەری بنچینەیین و دەبێت هەر بكرێن، چونكە نەشتەرگەری 40٪ و دەرمان 40٪ و تیشكیش 20 ٪ كاریگەری دەبێت.

سێ چارەسەری لاوەكیش هەن كە بنەڕەتی نین، وەك چارەسەری سروشتی، دەروونی، نەشتەرگەری جوانكاری، چونكە ڕەنگە ژنەكە مەمكی بڕابێتەوە یاخۆ بەشێكی بۆ لابرابێت یان خوار كرابێت كە ئەمەش ببێتە گرفت لای ژنەكە، بۆیە نەشتەرگەری جوانكاری دەكات، یاخۆ مەمكی دەستكرد هەیە و دایدەنێت، بۆیە ئەم جۆرە چارەسەرە لاوەكییە ئەگەر نەشكرێن كاریگەری لەسەر تەندروستی نەخۆشەكە ناكات.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم