سەرۆک بارزانی و حەلبووسی تاوتوێی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدایان کرد

:: PM:01:52:19/09/2019 ‌

سەرۆک مەسعوود بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بوونەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا.

ڕۆژی پێنجشەم 19ی ئەیلوول، پێگەی فەرمی سەرۆک بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

زیاتر روون کراوەتەوە، لە دیدارەكەدا كە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا.

"هەر لەو دیدارەدا دووپات لە سوودوەرگرتن لەو ئاراستە و كەشە ئیجابییە كرایەوە كە لە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە، ئەویش لە پێناو چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشە و گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەژێر ڕۆشنایی دەستووری عێراقدا، بۆ ئەو مەبەستەیش پێداگری لە بەردەوامیی پێوەندیی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە" لە هەواڵەکەدا وا نووسراوە.

ئەمڕۆ محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەردانێکی راگەیەندراو گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوویەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان