سبه‌ی هه‌ینی 20 كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا ئاهه‌نگ و ڕێوڕه‌سمێكی گه‌وره و گرنگ و مێژووی ده‌بینێ، كه هه‌رچوار ساڵێك له‌و وڵاته ڕوو ده‌دات. ئه‌ویش دانانی سه‌رۆكی نوێی وڵاته‌كه‌یان و ماڵئاوایی كردنه له سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا.
له‌به‌رده‌م كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئاهه‌نگی ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ ده‌ستی پێ كردووه و به‌گوێره‌ی زانیاری میدیاكانی جیهانیش نزیكه‌ی 28 هه‌زار چه‌كدار له ناوچه‌كه بڵاوه‌یان پێ ده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی ئاهه‌نگه‌كه بپارێزن و ڕێگه له هه‌ر كارێكی تێكده‌رانه بگرن.
ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ی لێ ئه‌نجام ده‌درێ به ته‌واوی هاتوچۆی لێ داخراوه و ڕێوشوێنی ته‌ناهی توندی لێ گیراوه‌ته به‌ر، پێشتر وه‌زیری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا جیه جۆنسۆن به فه‌رمی ئه‌و زانیارییانه‌ی ئاشكرا كرد.
جۆنسۆن گوتی، ناوچه‌كه به ته‌واوی پارێزراو ده‌بێ، ڕێگری له بارهه‌ڵگره‌كان ده‌كرێ و به دیواری چیمه‌نتۆ به ته‌واوی ده‌پارێزرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له هه‌ر كارێكی گوماناوی بگیرێت.
سه‌دان شاند له ویلایه‌ته جیا جیاكانی ئه‌مه‌ریكا و ده‌ره‌وه بانگهێشتی ئاهه‌نگه‌كه كراون، كه تێیدا دۆناڵد تره‌مپ سوێندی ده‌ستووری ده‌خوات و وه‌ك 45ه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به‌كار ده‌بێت.
نزیكه‌ی 60 كۆنگرێسمانی دیموكراته‌كان بایكۆتی ئاهه‌نگه‌كه‌یان كردووه، هه‌روه‌ها به‌شێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی هۆلیوود و ناوداره‌كان به‌شداری ناكه‌ن، به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی تره‌مپ به‌رامبه‌ر به كه‌مایه‌تییه ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ری بڕیون.
نرخی هۆتێل و شوێنه‌كانی مانه‌وه له‌و ناوچه‌یه به ته‌واوی به‌رزبووه‌ته‌وه و به‌تایبه‌ت ئه‌و هۆتێلانه‌ی له نزیك كۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌دا، نرخی ژوورێكی ڤی ئای پی له هۆتێلی فۆر سیز گه‌یشتووه‌ته 14 هه‌زار دۆلار بۆ ته‌نیا یه‌ك شه‌و.