دوای هیندستان.. ئەمەریكایش جگەرەی ئەلكترۆنی قەدەغە دەكات

:: PM:05:54:21/09/2019 ‌
دوای ئەوەی حكوومەتی هیندستان بڕیاری قەدەغە كردنی جگەرەی ئەلكترۆنی راگەیاند، كۆنگرێسی ئەمەریكی لە هەوڵی دەركردنی یاسای قەدەغە كردنی جگەرەی ئەلكترۆنی دایە. ئەمەیش لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا 530 كەس بەهۆی جگەرەی ئەلكترۆنی نەخۆش كەوتوون و هەشت كەسیش گیانیان لە دەستداوە.

ئەمڕۆ شەموو  21ی ئەیلوول، گرووپێك لە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی لە دیموكراتەكان و كۆمارییەكان، داوایان لە ئیدارەی خۆراك و توتنی ئەمەریكی كرد كە جگەرەی ئەلكترۆنی قەدەغە بكەن تا ئەو كاتەی سەلامەتی بەكارهێنانی دەدرێت.

لە نامەیەكدا بۆ ند شاربلس كاربەڕێكەری ئیدارەی خۆراك و توتنی ئەمەریكی (FDA)، هەریەكە لە دیك دیربن، لیزا موركوفسكی، جیف میركلی، ریچارد بلومنتال، ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی، ئاماژەیان بە نەخۆش كەوتنی 530 كەس كردووە كە بە نەخۆشی سییەكان و هەناسەدان بەهۆی جگەرەی ئەلكترۆنی و مردنی هەشت كەسی تریش بەهۆی جگەرەی ئەلكترۆنی.

پێش نامەكەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران، ئەلێكس ئازار وەزیری تەندروستی و خزمەتە مرۆییەكان ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئیدارەی خۆراك و توتن پلان دادەنێت بۆ دەركردنی رێنمایی بۆ كۆ كردنەوەی هەموو جۆرە جگەرەیەكی ئەلكترۆنی تامدار جگە لەوانەی تەنیا تونیان تێدایە.

هەوڵەكان لە ئەمەریكا بەردەوامی هەیە، لە ویلایەتی نیویۆڕك لە 17ـی ئەم مانگەوە فرۆشتنی جگەرەی ئەلكترۆنی قەدەغە كراوە و بەم نزیكانەش لە ویلایەتی میشیگانیش بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.

 لە بازاڕەكانی هیندستان زیاتر لە 100 جۆری جگەرەی ئەلكترۆنی هەیە، چەند رۆژێك پێش ئێستە حكوومەتی هیندستان فرۆشتنی جگەرەی ئەلكترۆنی قەدەغە كرد و ئەوەیشی پێشێلی بڕیارەكە بكات سزای گرتنی ساڵێك بۆ سێ ساڵی بەسەردا دەسەپێنرێت. 


وشە - فه‌رمان سادق