سه‌ره‌ڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رپرسانى پێشمه‌رگه و لایه‌نه سیاسییه‌كان له گرنگى دیاریكردنى رۆژى پێشمه‌رگه له هه‌رێمى كوردستاندا، به‌ڵام هه‌ر خۆیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه به هۆكارى سیاسى تا ئێسته هه‌وڵه‌كان بۆ دیاریكردنى رۆژى پێشمه‌رگه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
لاى قادر ڕه‌زگه‌یى ئه‌ندامى لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانى كوردستان به "وشه"ى راگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به ئیسلامییه‌كانیشه‌وه، پڕۆژه‌یان پێشكه‌ش كرد بۆ دیاركردنى ڕۆژێكى نیشتمانى وه‌ك ڕۆژى پێشمه‌رگه و سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانیش خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرا، به‌ڵام په‌سند نه‌كران.
ره‌زگه‌یى ئاماژه‌ی دا، هۆكارى په‌سند نه‌كردنى پڕۆژه‌كان ئه‌وه‌یه، ناوه‌ڕۆكى ئه‌و پڕۆژانه‌ى پێشكه‌ش كراون جیاوازه و ئه‌وه‌ش كێشه‌یه له به‌رده‌م یه‌كخستنى پڕۆژه‌كان و رێككه‌وتنى لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر دیاریكردنى رۆژێك بۆ پێشمه‌رگه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه روونى ده‌كاته‌وه، هه‌ریه‌ك له حزبه‌كان له‌و پڕۆژانه‌دا ده‌یانه‌وێت ئه‌و رۆژه‌ى وه‌ك رۆژى پێشمه‌رگه دیارى ده‌كرێت، مۆركى حزبه‌كه‌یانى به‌سه‌ره‌وه بێت.
هه‌ڵگورد حیكمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندن و رۆشنبیرى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، دیاریكردنى ڕۆژێك بۆ پێشمه‌رگه بیرۆكه‌ى ئه‌و بووه، دواتر كراوه‌ته پڕۆژه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تیش كۆنفرانسێكى تایبه‌تى به به‌شدارى حزبه سیاسییه‌كانى باشوور و رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌سه‌ر ساز كردووه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجامێك و نه‌یانتوانیوه ڕۆژێك بۆ پێشمه‌رگه دیارى بكه‌ن.
حیكمه‌ت ده‌ڵێ، "ئه‌و ڕۆژانه‌ى باكگڕاوندێكى مێژوویییان هه‌یه، گونجاون بۆ دیاریكردنى ڕۆژێك وه‌ك پێشمه‌رگه، دواتر ده‌بوو پڕۆژه‌كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له ساڵى 2011 و 2012 ڕه‌وانه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و دواتریش بۆ په‌رله‌مان به‌رز بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و فلته‌رانه‌ى تێنه‌په‌ڕاند".
زیاتر ده‌ڵێ، "ئه‌و بابه‌ته باكگڕاوندى سیاسى له خۆ ده‌گرێت و لێره و له‌وێ بۆچوونى جیاوازى له‌سه‌ر دروست بووه، حزبه‌كان وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكى تر به سیاسی‌یان كرد و نه‌گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن".
لاى خۆیه‌وه شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى 70ى پێشمه‌رگه بۆ "وشه"ى دووپات كرده‌وه، "پێشمه‌رگه خاوه‌نى گه‌وره‌ترین سه‌روه‌رییه و ناوێكى پیرۆزه، كه‌سایه‌تییه‌كه گیانى خۆى به‌خت ده‌كات له پێناو مافه ڕه‌واكانى میلله‌ت و به‌ده‌ستهێنانى ئازادى و مافى مرۆڤ، پێویست به‌وه ده‌كات پێشمه‌رگه ناوێكى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێت، له سه‌ركردایه‌تى باڵاش زیاتر له جارێك كۆبوونه‌وه‌ى فراوانى له‌سه‌ر كراوه".
ئه‌و ده‌ڵێ، "رێك كه‌وتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه ناوێك دیارى بكرێت بۆ پێشمه‌رگه و ڕۆژه‌كه‌شى جیاواز بێت له هه‌موو ڕۆژه‌كانى تر كه له هه‌رێم تۆمار كراون، هیچ بۆنه‌یه‌كى تێدا نه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر كه‌وته بۆنه‌یه‌كى تره‌وه و تێكه‌ڵ بوو، هیچ گرنگ نابێت و ڕۆژى پێشمه‌رگه و بۆنه‌كه‌ش ون ده‌بن".
زیاتر ده‌ڵێ، "تا ئێسته له‌سه‌ر دیاریكردنى رۆژى پێشمه‌رگه رێككه‌وتن نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه ده‌بێت رۆژى پێشمه‌رگه دیارى بكرێت".
"كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ساز كرا كه وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه سازى كردبوو، سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه و چه‌ندان فه‌رمانده و سه‌ركردایه‌تى ئاماده بوون، به‌ڵام به یه‌ك كۆبوونه‌وه ناتوانرێت، ڕاى جیاواز هه‌یه و پێشمه‌رگه‌ش مێژوویه‌كى هه‌یه هه‌ر له شۆڕشى مه‌هاباد و هه‌موو شۆڕشه‌كانى كورد، بۆیه ده‌بێت ڕۆژێك دیارى بكرێت كه له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان بگونجێت"، شێخ جه‌عفه‌ر واى گوت.
سلێمانى- هۆشیار عه‌لى