سوپای توركیا لە چوونە ناو رۆژئاوای كوردستان شكستی هێناوە

:: PM:12:22:10/10/2019 ‌
هێرش و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بەدرێژایی سنوور بەردەوامی هەیە. سەرچاوەیەكیش دەڵێ، ئامانجیانە لە گرێ سپی بێنە ژوورەوە، بەڵام شكستیان هێناوە و پێنج سەربازی توركیش كوژراون.

هێرشەكە لە تەواوی سنووری رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا بەردەوامی هەیە بەتایبەت لە سەرێ كانی و گرێ سپی

كەمێك پێش ئێستە، مەرڤان رۆژئاوا رۆژنامەنووسی جەنگی لە رۆژئاوای كوردستان تایبەت بە "وشە" رای گەیاند، لە دوێنێ شەوەوە لەشكركێشی سوپای توركیا و هێزەكانی سەر بە توركیا لە سووریا دەستی پێ كردووە، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە هیچ گوندێكیش داگیر بكەن.

ئەو رۆژنامەنووسە جەنگییە كە لە رێی "واتس ئاپ" زانیاری بە "وشە" داوە و دەڵێ، هێرشەكە لە تەواوی سنووری رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ توركیا بەردەوامی هەیە بەتایبەت لە سەرێ كانی و گرێ سپی، گوتی "شەوی رابردوو هێرشیان كردە سەر گوندێكی سنووری گرێ سپی، بەڵام شكستیان هێنا و پێنج سەربازی توركیش كوژران".

شەوی رابردوو هێرشیان كردە سەر گوندێك شكستیان هێنا و پێنج سەربازی توركیش كوژران

بە قسەی مەرڤان رۆژئاوا بێت، ئێستە سوپای توركیا لە رێی فڕۆكە و تۆپهاوێژەكانی بە چڕی بۆردمان و تۆپبارانی گرێ سپی دەكات، شەڕیش لە تەواوی سنوورەكە بەردەوامی هەیە.

ئەگەرچی بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاست نەكراوەكان، تا ئێستە پێنج شەهید و زیاتر لە 10 بریندار هەن، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسە ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ژمارەی قوربانیانی تۆپبارانی سوپای توركیا بڵاو دەكەنەوە.

جێی باسە ئێوارەی دوێنێ چوارشەم بە تۆپبارانی سەرێ كانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی دژ بە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، ئەمەش لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە توندی سەركۆنە كرا و بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم، كۆمكاری عەرەبی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە جیا لەسەر ئەو پرسە كۆببنەوە، هاوكات كۆنگرێسی ئەمەریكیش تاوتوێی رەشنووسی یاسای سەپاندنی سزای ئابووری لەسەر توركیا دەكات.


وشە - فه‌رمان سادق