كۆبوونەوەیەكی تر لەسەر پرسی نەهێشتنی گەندەڵی بەرێوە دەچێت

:: PM:08:00:21/01/2017 ‌

سبەی یەكشەم لیژنەی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لەگەڵ سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تر ئەنجام دەدات.

هەوڵەكان بۆ چاكسازی و رووبەرووبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئەوەش دوای ئەوەی 7ی ئەم مانگە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە دەستە و دەزگەی تایبەت بە رووبەرووبونەوەی گەندەڵی كۆبوونەوە و بریار درا لە رێگەی چەند لیژنەیەكەوە چاكسازی دەست پێ بكرێت و راپۆرتەكەشی بۆ رای گشتی بڵاو بكرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سبەی لیژنەكە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی حەوت سێكتەری جیاواز دەكرێت.


پێشتر د.فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی رووبەرووبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاندبوو، بریار دراوە كار لەسەر حەوت  سێكتەری جیاوازدا بكرێت و دواتر ئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ رای گشتی بڵاو بكرێنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، هەریەك لە سێكتەرەكانی داهاتی گشتیی نەوت و دەرمان و تەندروستی و  وەزیفەی گشتی و موڵك و ماڵی گشتی و خەرجییە گشتییەكان و گۆڕانكاری لە حكوومەت فۆكسی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵییان لەسەرە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم