ئازادكردنەوەی تەواوەتی سەرێ كانی ڕاگەیەنرا

:: AM:11:14:15/10/2019 ‌
ئەندامێكی باڵای ئەنەكەسە ئاشكرای دەكات، تا سەعات پێنجی بەیانی ئەمڕۆ توانرا تا دووری چەند سەد مەترێك لە دەرەوەی شارۆكەی سەرێ كانی ئازاد بكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی تشرینی یەكەم، سێنێ‌ ڕەجەب ئەندامی كارگێڕی و بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەنەكەسە لە سەرێ كانی بۆ "وشە" گوتی، هێرشەكانی شەڕڤانان بۆ سەر چەكدارانی توركیا درێژەی هەیە و شەوی ڕابردوو سەرێ كانی بە تەواوەتی ئازاد كرا.

مەترسییەكانی ئەو هێزە لەسەر شارۆكەكە نەماوە

ڕوونی كردەوە، ئێستە شەڕڤانان لە دووری چەند چەند سەد مەترێك لە دەرەوەی شارۆكەی سەرێ كانی لەشەڕدان و مەترسییەكانی ئەو هێزە لەسەر شارۆكەكە نەماوە.

له‌ دوو رۆژی رابردوودا سوپای توركیا و میلیشیا ئیسلامییه‌ توندڕۆ هاوسۆزه‌كانی كه‌ سوورین، توانیان سه‌رێ كانی داگیر بكه‌ن، به‌ڵام له‌ 24 سه‌عاتی رابردوودا رووداوه‌كان روو له‌ گۆڕانكارین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد و وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا توركیای سزا دا. جیا له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك وڵاتی گرنگ و یه‌كێتی ئه‌وروپا فرۆشتنی چه‌كیان به‌ توركیا راگرت.

ڕۆژی نۆی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، ئۆپراسیۆنی "كانی ئاشتی" ڕاگەیاند كە بریتییە لە داگیركردنی بەشێكی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، بەبیانووی پاراستنی وڵاتەكەی لە هێزەكانی پاراستنی گەل. هێرشەكە سەرەتا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی شاری سەرێكانی بوو، دواتر بۆ ناوچەكانی تر بڵاو بووەوە.

پێشتر ئەمەریكا و توركیا لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا ڕێككەوتبوون، بەڵام لەبارەی وردەكاریی ئەو ڕێككەوتنە بۆچوونی جیاوازیان هەبوو. توركیا دەیویست ئەمەریكا ددان بەوەدا بنێ كە هێزە كوردییەكانی ئەو ناوچەیە تیرۆریستن، لە بەرانبەردا ئەمەریكاش دەیویست توركیا ڕازی بكات كە دەبێ ئەو هێزانەی بەشداریی پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچە ئارامە بكەن، چونكە بەشێك بوون لە شەڕی داعش. 

چەندان جار سەرۆكی توركیا ئەوەی بەگوێی ئەمەریكا دا كە ئەوان بەتەنیاش بێت ئەم هێرشە دەكەن و وێڕای هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ، توركیا گفتی خۆی هێنایە جێ، بەڵام لە بەرانبەردا ئەمەریكا هیچ هەڵوێستێكی كرداری نەنواندووە، جگە لە چەند تویتێك نەبێ.



وشە - رامیار جەواد