16ی ئۆكتۆبەر خەنجەردان لە پشتی برا

:: PM:03:44:16/10/2019 ‌


دوو ساڵ بەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێپەڕ دەبێت كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و بە كارئاسانی گرووپێكی ناو یەكێتی پەلاماری كەركووكیان دا و داگیریان كرد، "وشە" لەم ڕاپۆرتەكەدا چەند لێكەوتێكی تری ئەو خیانەتە دەخاتەڕوو.

بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە كەركووك و ناوچەكانی تر سەرووی 100 هەزار هاووڵاتی ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون، بەشێكیان بەهۆی نالەباری دۆخی شارەكە تا ئێستە نەگەڕاونەتەوە، چونكە هێشتا تەعریب و هێنانی خێزانە عەرەبەكان بەردەوامە.

16ی ئۆكتۆبەر نەبوایە كورد ژمارەیەكی قورس دەبوو

حوسێن یەزدانپەنا سەرۆك و فەرماندەی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان كە لە شەڕی بەرگری لە كوردستان لە پردێ رۆڵی بەرچاوی هەبوو، بۆ "وشە" باسی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كرد و گوتی، "ئەو شەوەی ئێمە شەڕمان دەكرد، هێزە هەبوو بەردەوامی بە بەرگریی بدرێت، بەڵام كاتێك لە پشتەوە دەرگە بۆ دوژمن دەكرێتەوە و خەنجەر لە پشتی براكان دەدرێت، ئیتر راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بەرەكانی تری شەڕ دەبێت".

یەزدانپەنا كە لە شەڕی تیرۆریش بە درێژایی سێ ساڵ خۆی و هێزەكەی هەمیشە لە بەرەی پێشەوە بوون، زیاتر زانیاری دەدات، "ئەوەی باس دەكرا گوایە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك ئارام دەبێت و حكوومەت خزمەتی خەڵك دەكات، پێچەوانە دەرچوو، بینیمان حەشد و سوپا و توركمانەكان چییان بەسەر كورد هێنا و چۆن كوردیان تەعریب كرد و ئاوارەیی رووی دا، تەنانەت تا ئێستەیش دۆخەكە ئارام نییە".

لەبارەی ئەوەی خیانەتەكە كاردانەوەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان بووە، ئەو سەركردە كوردە دەڵێ، "خۆ لە رۆژئاوای كوردستان ریفراندۆم نەكراوە، توركیای دیكتاتۆر دوو ساڵە هێرش بۆ سەر تەواوی رۆژئاوا دەكات و بەردەوامە، بەڵكو ئێمە بووین باشترین بڕیارمان دا داوامان كرد سەربەخۆ بین و قەوارەیەك بۆ خۆمان دروست بكەین، چونكە ئەوەی روو دەدات دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەوڵەت، پیلانگێڕی وڵاتان و ڕێككەوتنی ژێربەژێر نەبووایە ئەوكات، ئێستە دۆخەكە بەو شێوەیە درێژەی نەدەكێشا و كورد ژمارەیەكی قورستر دەبوو".
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هیچ پاساوێك هەڵناگرێ‌

لای خۆیەوە كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای دەگەیەنێت كە بەرهەمی ئەو رووداوانە داگیركاری و ماڵوێران و جینۆسایدی خورماتووە. كەركووكی بۆ "وشە" گوتی، "ئەوەی رووی دا لە 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت بوو و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت".

هێرشەكانی سەر كەركووك و ناوچەكانی تر بە رێككەوتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و توركیا و عێراق بوو، بەرانبەر بە قەوارەی هەرێمی كوردستان.

یەزدانپەنا ئاماژەی بەوە دا، "بە بەرگریكردنمان لە پردێ و خۆڕێكخستنەوەی حكوومەت و بەرزكردنەوەی مۆڕاڵی گەلی كوردستان، دواتریش پووچەڵكردنەوەی پیلانگێڕییەكە لە سحێلا و مەحموودییە، رزگاركردنی تەواوی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، ئەگەر ئەو بەرگرییە نەبووایە، ئەوا شتێك نەمابوو بەناوی هەرێمی كوردستان".

سەركردە دیارەكانی یەكێتی كە ئاگەداری پیلانی گرووپەكەی ناو حزبەكەیان نەبوون، هەر دوای خیانەتەكە بەیاننامەی توندیان دەكرد، لەوانە كۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار، تەنانەت ئەو گرووپەیان بە "هەرزە و كاڵفام" ناو برد.

ئاسۆ حاجی چاودێری سیاسیی، بە"وشە"ی گوت، ئەوەی ئەو چەند كەسە یان گرووپە لە دوو ساڵ پێش ئەنجامیان دا خیانەت بوو، مێژوو بەزەیی بە كەسدا نایەتەوە و بە سزایی خۆیان دەگەیەنێت و لە بەرچاوی میلەت شەرمەزارن.

"بەرهەمەكەی ئەوەبوو ئەو ناوچانە داگیر كرانەوە، خەڵكەكەی تەعریب دەكرێن و سووكایەتییان پێ كرایەوە، ئەوانەی دەسەڵاتیان هەبوو ئێستە هیچ دەستكەوتێكیان نییە" حاجی وای گوت.



وشە - زریان تەها