فەتوایەكی نوێ‌ دەرچوو

:: AM:11:41:20/10/2019 ‌
لیژنەی فەتوا لە یەكێتی زانایانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەو جۆرە تەئمینەی كە بە زۆر دەسەپێنرێ ، لەلایەن هەندێ داودەزگای حكوومەت و وەزارەت و دەزگای میرییەوە لەبەر ناچاری دروستە و رێپێدراوە بۆ كەسانێك كە هیچ چارەیەكیان نەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی تشرینی یەكەم، لە فەتوایەكی نوێی لیژنەی فەتوای سەر بە یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان هاتووە، لەبارەی حوكمی دڵنیایی "تەئمینات"ـی كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە ئیسلامدا هەر بابەتێكی تری سەردەم دڵنیایی جێی مشتومڕ و قسە لەسەركردن بووە لەنێوان زانایان و پسپۆڕانی بواری فیقهی ئیسلامی، هاوكات سەرجەم جۆر و بڕگە و لایەنەكانی تەئمین خراوەتە ڕوو، روانگەی شەریعەت و بۆچوونی زانایانی كۆن و سەردەم گەنگەشە كراوە.

گرفتێكی شەرعی تێدا نییە، بەڵكو كارێكی جوان و باش و كۆمەك و هاوكارییە

ڕوون كراوەتەوە، تەئمینی هەرەوەزی و كۆمەڵایەتی رێپێدراوە و گرفتێكی شەرعی تێدا نییە، بەڵكو كارێكی جوان و باش و كۆمەك و هاوكارییە.

باس لەوەش كراوە، ئەو جۆرە تەئمینەی كە بە زۆر دەسەپێنرێ و ئیلزامییە لەلایەن هەندێ حكوومەت و وەزارەت و دەزگای میرییەوە لەبەر ناچاری دروستە و رێپێدراوە بۆ كەسانێك كە هیچ چارەیەكیان نەبێت و بە هیچ جۆرێك نەتوانن خۆیانی لێ رزگار بكەن.

ئەنجوومەنی فەتوا چەند مەرجێكی داناوە ئەمانەن:
 
یەكەم/ پێویستە بە ئەندازەی ئەوەندەی كە داویەتی وەریبگرێتەوە كاتێك زیانی كرد یان زیانی گیانی بەركەوت.

دووەم/ ئەگەر زێدەیەكیشی هەبوو پێویستە بیبەخشێت بە پڕۆژەیەكی خەیری گشتی (مشروع عام).

سێیەم/ تەئمینی بازرگانی لەبەر بەڵگەكانی سەرەوە كە ئاماژەیان پێ درا، نادروستە و حەرامە و رێپێدراو نییە و داواكارین مسوڵمانانی خۆشەویست خۆیان لێی بەدوور بگرن.





وشە - رامیار جەواد