لە سێمێل بەهۆی پاڵاوگە نایاساییەكان نەخۆشیی كۆئەندامی هەناسە لە زیادبووندایە

:: AM:09:21:03/11/2019 ‌

ژمارەیەكی زۆری پاڵاوگەی نەوت و كارگەی جۆراوجۆر لە گوندی كواشێی سەربە شارەدێی سێمێل لە پارێزگای دهۆك، خەڵكی ئەو گوندە و شارەدێیەكە بە دەست نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و شێرپەنچە دەناڵێنن. 

هاووڵاتییانی ئەم شارەدێیە كە نۆ كۆمەڵگە و ژمارەیەك گوند لەخۆ دەگرێ، دەكەونە رۆژئاوای پارێزگای دهۆك و سەرەڕای ئەوەی چەندان جار دەنگی خۆیان گەیاندووەتە لایەنە پێوەندیدارەكان، بەڵام كەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە.

ساڵح محەمەد موختاری كۆمەڵگەی باستكێ نزیك گوندی كواشێ، باسی گوندەكە دەكات و دەڵێ، كواشێ گوندێكی بچووكی سەربە كۆمەڵگەی موقبلێی شارەدێی سێمێلە، نزیكەی 50 خێزانی تێدا دەژین، كەمتر لە دوو كیلۆمەتر لە كۆمەڵگەی كواشێی پیشەسازی دوورە، بەڵام دووكەڵ و بۆنی ناخۆشی پاڵاوگە نەوتییەكان نەك تەنیا كاریگەریی تەندروستیی لەسەر گوندەكە هەیە، بەڵكو هەموو كۆمەڵگەكانی دەوروبەری و شارەدێی سێمێل دەگرێتەوە.

ئەو بۆ "وشە" گوتی "بۆنی ناخۆشی دووكەڵی پاڵاوگە و كارگەكانی وەك كارگەی زبڵ، ژیانی بۆ دانیشتووانی ئەم ناوچەیە نەهێشتووە، جگە لە هەڵمژینی دووكەڵەكە، هیچ چارەیەكی ترمان نییە و ناكرێ ماڵەكانمان چۆڵ بكەین".

یەكێكی تر لە دانیشتووانی كۆمەڵگەكە، بۆ "وشە" گوتی، رۆژ لە دوای رۆژ نەخۆشی لە ناو خێزانەكانیاندا زۆر دەبێ بەتایبەتی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و شێرپەنچە كە بە ئاشكرا دەزانن هۆكارەكەی چییە، بۆ ئەمەش بە دوای چارەسەریدا دەگەڕێن، بەڵام تا ئێستە بۆیان چارەسەر نەكراوە و دەنگیان بەهەموو لایەنە پێوەندیدارەكان گەیاندووە، بەڵام كەس گوێیان پێ نادات.
بەڕێوەبەری تەندروستی شارەدێی سێمێل، بۆ "وشە" ئاماژە بە زۆربوونی نەخۆشیی لە ناوچەكە دەكات كە بەهۆی بوونی پاڵاوگەكانەوە سەرهەڵدەدەن. 

لە هەشت مانگی رابردوودا 50 هەزار و 334 كەس رەوانەی نەخۆشخانە كراون

ئەو دەڵێ "كاریگەریی بۆنەكە دەگاتە دەروازەی سێمێل كە لە كۆمەڵگەی تەناهی دەست پێ دەكات، لە هەشت مانگی رابردوودا 50 هەزار و 334 كەس لە منداڵەكانی ناوچەكە تووشی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە بوون كە لەوانە 27 هەزاریان حاڵەتی توند بوون". 


لەبارەی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی بۆن و دووكەڵی پاڵاوگە نەوتییەكان و كارگەكان پەیدا دەبن، دكتۆر بەدران ئەحمەد ساڵح كە دكتۆرای بۆردی لە بواری دڵ و هەناسە و سنگ هەیە، ئەو بۆ ”وشە دەڵێت، زۆربەی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە لە ئەنجامی بۆن و دووكەڵی پاڵاوگە نەوتییەكان و كارگەكان پەیدا دەبن، چونكە كار لە هەردوو بەشی سەرەوە و خوارەوەی كۆئەندامی هەناسە دەكەن و دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوكردنی بۆڕییەكانی هەناسە، رەبۆ و هەستیاری و دوور نییە نەخۆشیی شێرپەنجەیشی لێ بكەوێتەوە، بەتایبەتی شێرپەنجەی سییەكان كە زیاتر لە منداڵ و بەساڵاچووان دەردەكەون.

لەبارەی خۆپاراستن كە دەبێتە رێیەكی سەرەتایی و ئاسان كە خەڵكی ئەم ناوچانە خۆیان لە نەخۆشییەكان و دەرئەنجامی ئەم بۆن و دووكەڵە بپارێزن، پزیشكەكە رێنوێنیی ئەوە دەدات كە "لە كاتی هاتنی هەوای زۆر و ئیشكردنی پاڵاوگەكان و كارگەكان، لە ماڵ دەرنەچن و دەرگە و پەنجەرەكان دابخەن".

"وشە" هەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ یەكێك لەو كەسانەی لەم پاڵاوگانە ئیش دەكات بكات، بەڵام رەتی كردەوە قسە بكات، بەهۆی ئەوەی كە ئەو پاڵاوگە نەوتییانە هەموویان نافەرمین و بەبێ مۆڵەت كار دەكەن و زۆربەیان بە شەو كار دەكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" تا ئێستە ژمارەیەك لەو پاڵاوگانە بە بڕی هەشت بۆ 16 ملیۆن دینار سزا دراون، بەشێكی تر كێشەكەیان دراوەتە دادگا تا بەدواداچوون بۆ دۆسیەكەیان بكەن.

لە كۆمەڵگەی كواشێ 15 پاڵاوگەی نەوت و ژمارەیەك كارگەی جۆراوجۆر هەن كە بە دووری 30 كیلۆمەتر كاریگەری لەسەر دەوروبەری ناوچەكە دروست دەكەن. 

بەگوتەی فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای دهۆك، مەرجی تایبەت بەو پاڵاوگە نەوتییانە و كارگەكان دراون، بەڵام زۆربەیان پێڕەوی مەرجەكانی ژینگەیی ناكەن. ئەمەش وەك خۆیان گوتیان "وا دەكات كواشێ بە ناوچەیەكی پیس و ناتەندروست  هەژمار بكرێت كە بە كەڵكی ژیان نەیەت".

وشە/بەدواداچوونی دێژین سدقی



وشە - وشه‌