بەشێكی یەكێتی لە هەڵوێستی حزبەكەیان بەرانبەر پارتی نیگەرانن

:: AM:09:01:14/11/2019 ‌
لە دوا كۆبوونەوەدا گفتوگۆكان توند بوون

بەشێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە هاوكات كۆسرەت ڕەسووڵیشی تێدایە، نیگەرانن لە دواین هەڵوێستی یەكێتی بەرانبەر پارتی، ئەوەیان نەشاردووەتەوە كە نەدەبوو بەو شێوەیە باس لە ناكۆكییەكان بكرایە، لە دوا كۆبوونەوەی حزبەكەیشیاندا ئەو ناكۆكییانە توند بوون، هۆشدارییان داوە لەوەی هەر بڕیارێك بۆ هەر هەڵوێستێك بدرێت، پێویستە مەكتەبی سیاسیی بیدات.

ناڕەزایەتییەكەی ئەو بەشەی یەكێتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئاگاداری ئەو هەڵوێست و كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەی گوتەبێژی یەكێتی نەبوون كە بۆ گلەیی لە پارتی و ڕێككەوتنەكانیان بەڕێوە چوو، ئەو بەشەی یەكێتی پێیان وایە پێویست نەبوو بەو جۆرە لە ڕاگەیاندنەوە باسی پێوەندیی یەكێتی و پارتی و ناكۆكییەكانیان بكرێت، چونكە گوتوویانە پێوەندییەكان تێك دەدات و ئەوەش لە بەرژەوەندیی یەكێتی و دۆخی ئێستەی هەرێم نییە.

لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتی، ڕۆژی ٣١ی مانگی ڕابردوو كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی لەناكاوی ئەنجام دا و گوتی، "زۆر نیگەرانین لە ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی، بەشی زۆری ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەبووە، ئەوەشی جێبەجێ كراوە تێبینیمان لەسەری هەیە، بەناوی یاریدەدەرەوە حكوومەتێكی بچووك دروست كراوە."

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ بە واژووی ئەوەوە، نامەیەكیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووە و ڕایان گەیاندووە كە ئەوان لەگەڵ ناوەڕۆكی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا نەبوون و ئاگاداریشی نەبوون، چونكە لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.

ئەو هەوڵە لەلایەن ماڵی تاڵەبانییەوە ئەنجام دراوە
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو هەوڵە لەلایەن ماڵی تاڵەبانییەوە ئەنجام دراوە و هیچ كام لە باڵەكانی تری ناو یەكێتی ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆنگرەكە و گلەیی و ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی نەبوون و پرسیان پێ نەكراوە، ئەوانیش لە تەلەڤزیۆنەوە بیستوویانە.

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ـی گوت، "ئەوە ڕاستە ئەو هەڵوێستەی لە ڕێی گوتەبێژی فەرمیی یەكێتییەوە ڕاگەیەنرا، ناكۆكیی لەناو یەكێتی دروست كردووە، چونكە بەشێكی یەكێتی نیگەرانن كە پرسیان پێ نەكراوە و ناوەڕۆكی پەیامەكەیشیان بە لاوە توند بوو، بەو هۆیەی پێیان وایە كاتەكە هەستیارە و پێوەندییەكان لەگەڵ پارتی خراپ دەكات".

روونی كردەوە، "بارودۆخ و ململانێكانی ناو یەكێتی هەمیشە كاریگەریی خراپ لەسەر سەنگ و قورسایی یەكێتی دروست دەكات، چونكە بڕیارەكان بە یەكدەنگی نادرێن و لە پشتی یەكترەوە بڕیار دەدەن، دواتر باڵەكانی تر بۆ ناوخۆی یەكێتی یان بەرانبەرەكانیان ڕەتی دەكەنەوە و بێئاگایی خۆیانی لەبارەوە دەردەبڕن، بۆ حزبی سیاسیش ئەوە كارەساتە."

ڕۆژی شەشی ئەم مانگە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆبوونەوە و بڕیار بوو ڕاگەیەنراوێك بڵاو بكەنەوە، بەڵام لەسەر ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە و بێئاگایی باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ، گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكە توند بوون و ڕێك نەكەوتن ڕاگەیەنراو بڵاو بكەنەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ پێداگر بوون لەسەر ئەوەی بە زمانێكی نەرم لە ڕاگەیەنراوێكدا لەگەڵ پارتی بدوێن، تا دۆخی نێوانیان هێور و ئاسایی بكەنەوە و كۆبوونەوەكانیان دەست پێ بكەنەوە، بەڵام ماڵی تاڵەبانی قبووڵیان نەبووە، ئەوەش ناكۆكی و قسەی توندی هێناوەتە ناو كۆبوونەوەكەوە و بڕیاریان داوە جارێكی تر كۆببنەوە.

"وشە" پێوەندیی بە لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كرد و گوتی، "ئەوەی پێویست بووبێت لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە گوتراوە و  هیچی تر ناڵێم".

وشە/ سلێمانی- تایبەت



وشە - تایبه‌ت