تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیك تۆك كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای ByteDance خاو‌ه‌نداری ده‌كرێ، ئاشكرای كرد: كه له‌و ماوه‌یه ژماره‌یه‌كی زۆر خزمه‌تگوزاری ده‌خاته خزمه‌تی به‌كارهێنه‌رانی و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی موزیكی جیهانی گرێبه‌ست ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی گوتنه‌وه‌ی ستران له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانییه‌وه زۆرترین ئاواز و موزیك بخرێته خزمه‌ت به‌شدارانییه‌وه.
به گوێره‌ی
زانیارییه‌كان، كۆمپانیاكه له‌گه‌ڵ كۆمپانیای یونڤێرسه‌ل موزیك و سۆنی موزیك و وارنه‌ر موزیك گرێبه‌ستی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هاوبه‌شی بكه‌ن له تۆڕه‌كه و گه‌وره‌ترین داتابانكی موزیكی جیهانی بخه‌نه خزمه‌تی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تیك تۆكه‌وه.
تایبه‌تمه‌ندی نوێ ده‌خاته ڕوو و پێشبینی ده‌كرێ ڕێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی پێش سه‌رجه‌م تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی تر بكه‌وێته‌وه
ئامانجی تیك تۆك له خستنه‌ڕووی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه مه‌زنه، به گوێره‌ی شاره‌زایانی ته‌كنه‌لۆجیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ ئه‌وه‌یه كه به ته‌واوی جیهان ڕووپۆش بكات و زۆرترین خه‌ڵك له ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه و به مه‌ودایه‌كی زۆر پێش تۆڕه‌كانی تری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌وێته‌وه.
داتاكان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه تیك تۆك زۆر به‌خێرایی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێ و تا ئێسته‌یش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاپی تیك تۆكیان له‌سه‌ر مۆبایله زیره‌كه‌كانیان دابه‌زاندووه گه‌یشتووه‌ته ملیارێك و 500 ملیۆن مرۆڤ و پێشبینی ده‌كرێ پاش خستنه‌ڕووی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه نوێیانه، به‌شداری تیك تۆك زۆر زیاتر بن و پێش تۆڕه‌كانی تری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ونه‌وه.