سبه‌ی شه‌موو دانیشتووانی دوورگه‌ی بۆگاینفیل له زه‌ریای هێمن به پشتیوانی وڵاتانی جیهان، ڕیفراندۆمی دیارییكردنی چاره‌ی خۆنووسین ئه‌نجام ده‌ده‌ن و پێشبینیش ده‌كرێ دوورگه‌كه وه‌ك وڵاتێكی نوێ بێته ڕیزی وڵاتانی دنیاوه و له وڵاتی بابوا گینیای نوێ جیا ببێته‌وه.
ڕیفراندۆمه‌كه دوو هه‌فته ده‌خایه‌نێت، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتنی ئاشتی ساڵی 2001 ئه‌نجام ده‌درێ، كه ئه‌و ڕێككه‌وتنه بووه هۆی كۆتاییهێنانی جه‌نگی ناوخۆیی له‌و دوورگه‌یه و زنجیره دوورگه‌كانی ده‌وربه‌ری، كه به‌وهۆیه‌وه زیاتر له 15 هه‌زار كه‌س كوژران.
ڕیفراندۆمه‌كه بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه نییه بۆ دانیشتووانی دوورگه‌ی بوگاینفیل كه ژماره‌ی دانیشتووانیان 250 هه‌زار كه‌سه، به‌ڵكوو دوای به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی زۆرینه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ده‌بێ سیاسییه‌كانی ئه‌و دوورگه‌یه ده‌ست به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی بابوا گینیای نوێ بكه‌ن، تا به ئاشتی و بێ هیچ كێشه‌یه‌ك له وڵاته‌كه جیا ببنه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن.
دوای ڕیفراندۆم پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له گینیای نوێ ده‌ست پێ ده‌كات
جیانلۆكا رامبۆلا نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له وڵاتی بابوا گینیای نوێ له لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی جیهان، زۆرترین تیمی چاو‌دێر ده‌نێرنه دوورگه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری پرۆسه‌كه بكه‌ن و ببنه هۆكارێك تا ریفراندۆمه‌كه به پاكی و شه‌فافی ئه‌نجام بدرێت.
پشتیوانی وڵاتانی دنیا له ریفراندۆمی ئه‌و دوورگه‌یه له كاتێكدایه، كه وڵاتان به هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان له ساڵی 2017 پشتیان له ڕیفڕاندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان و هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیای ئیسپانیا كرد و دژی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان وه‌ستانه‌وه.