ڕۆژی Black Friday لەلایەن پۆلیسێکی ئەمەریکییەوە ناو نراوە

:: PM:03:26:25/11/2019 ‌
ڕۆژی بلاک فرایدەی یان هەینیی ڕەش کە بە ڕۆژێکی گرنگی ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی تری دنیا دادەنرێت، لەلایەن پۆلیسێکی ئەمەریکییەوە ئەو ناوەی لێ نراوە، ئەوەش بۆ هۆکارێکی سەیر دەگەڕێتەوە.

ماڵپەڕی فۆشیا هەواڵێکی لەسەر نهێنییەکانی هەینیی ڕەش کردووە، تێیدا باسی لە ناوەکەی و هۆکاری ناونانی بە هەینیی ڕەش کردووە، کە بەهۆی جەنجاڵیی و قەرەباڵغیی شەقامەکانەوە ئەو ناوەی لێ نراوە.

ساڵی 1960 پۆلیسێکی شاری ڤیلادیڤیای ئەمەریکا ناوی لە ڕۆژی هەینیی دوای جەژنی سوپاسگوزاریی ناوە هەینیی ڕەش، ئەمەش بەهۆی ئەوە بووە کە خەڵک لەپێناو کڕینی پێداویستییەکانیان لەو ڕۆژەی هەموو شت تا ڕێژەی %90 داشکاندنی بۆ دەکرێت، قەرەباڵغییەکی زۆریان دروست کردووە، ئەمەش پۆلیسەکەی زۆر ماندوو کردووە و لای هاوڕێکانی ئەو ڕۆژەی بە هەینییە ڕەشەکە ناو بردووە، لەمەوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەکە ناویان لە ڕۆژەکە ناوە هەینیی ڕەش Black Friday و دواتریش بەناو هەموو ئەمەریکا و لە کۆتادا بە دنیادا بەو ناوەوە بڵاو کراوەتەوە.

وڵاتانی عەرەبی ناویان لەم ڕۆژە ناوە هەینیی سپی

ئەم ڕۆژە سەرەتا لەناو ئەمەریکییەکان یادی دەکرایەوە، دواتر لە وڵاتانی كه‌نه‌دا، مه‌كسیك، به‌ریتانیا، رۆمانیا، هندستان، فه‌ره‌نسا، نه‌رویج و ئوستورالیاش دەست بە یادکردنەوەی و هەرزانکردنی نرخی کەلوپەلەکان کرا. لە ساڵی 2014ەوە وڵاتە عەرەبییەکانیش دەستیان بە یادکردنەوەی کرد، بەڵام ئەوان وەک هەینیی سپی ناوی دەهێنن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە لە وڵاتە عەرەبییەکان ڕێژەیەکی زۆر لە شوێنکەوتووانی ئایینی ئیسلام دەژین، ئەوانیش باوەڕیان وایە کە هەینی ڕۆژێکی پیرۆزە و نابێت بە ڕەش ناو ببرێت.

ڕۆژی 29ی تشرینی دووه‌می ئەمساڵ كه‌ ده‌كاته‌ هه‌ینی، له‌ بازاڕی بۆرسه‌ی دنیا به‌ "هه‌ینیی ڕه‌ش" ناو ده‌برێ، ڕاسته‌وخۆ دەکەوێتە دوای جه‌ژنی سوپاسگوزاریی ئه‌مه‌ریكا (چوارەم چوارشەممەی مانگی تشرینی دووەم)، تێیدا هه‌موو كۆمپانیاكانی دنیا، خۆیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌ و كاڵاكانیان به‌ نرخێكی هه‌رزان كه‌ زۆر جار ده‌گاته‌ یه‌ك له‌سه‌ر 10ی نرخی ئاسایی خۆی ده‌فرۆشن. 

هه‌ینی ڕه‌ش، مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 1869 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك بازاڕی ئه‌مه‌ریكا دووچاری ته‌نگژه‌یه‌كى گه‌وره‌ی ئابووری بووه‌، به‌هۆی قه‌رزه‌ زۆره‌كه‌یشییه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا "یۆلیسیس گرانت"  پێشنیاری فرۆشتنی ئه‌و ئاڵتونانه‌ی كرد كه‌ له‌ خه‌زێنه‌ی ئه‌مه‌ریكادا هه‌بوو، بۆیه‌ چه‌ند دووكانێك بڕیاریان دا داشكاندنێكی گه‌وره‌ بكه‌ن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیان. 


وشە - ڕێناس شابان